نوجەبا: هێرشەکانمان لە دژى زایۆنى رادەگرین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى نوجەباى عێراق رایگەیاند، هێرشەکانیان لە دژى ئیسرائیل رادەگرن، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ راگرتنى شەڕ لە فەلەستین.
شەوی 15ــی کانوونى دووەمى 2025، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گرووپى نوجەباى عێراقى کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى گرووپى "موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" راگەیێنراوێکى لە بارەى رێککەوتنى ئاگربەست لە نێوان بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
بە بۆنەى راگەیاندنى رێککەوتنى ئاگربەست لە غەززە، ئەکرەم کەعبی پیرۆزبایی لە گەلى فەلەستین و کۆمارى ئیسلامیی ئێران و گرووپى موقاوەمە کردووە لە عێراق.
ئەکرەم کەعبی دەڵێت: "لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیە هێرشە سەربازییەکانمان لە دژى زایۆنى رادەگرین وەک پاڵپشتییەک بۆ راگرتنى هێرش لە دژی فەلەستین و پاڵپشتیکردنى ئاگربەستەکە لە غەززە".
شەوی چوارشەممە 15-01-2025، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە، 19-1-2025 ئاگربەست دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى نوجەبا هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتى: "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکە و مووشەک و دۆرنەکانمان تەواو ئامادەن، ئەگەر بگەڕێنەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە".