پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەمواری یاسای خانەنشینی لە بەرنامەی کاردایە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کار هەشت بڕگەی لەخۆگرتووە؛ یەکێکیان هەمواری یاسای خانەنشینییە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، بەگوێرەی هەموارەکە، تەمەنی خانەنشینی دەکرێتەوە 63 ساڵ.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-01-2025 دەکرێت.
 
بەرنامەی کار لە هەشت بڕگە پێکهاتووە؛ چوار پرۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ چوار پرۆژەی دیکە دەکرێت. یەکێکیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پێشنیازی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014.
 
ئەمڕۆ جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشنیازی هەمواری یاسای خانەنشینی لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکێش کراوە و پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتە، چونکە رەهەندێکی دارایی هەیە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "یەکێک لە بڕگەکانی هەموارەکە دەستکاریکردنی تەمەنی خانەنشینییە، کە لە 60 ساڵەوە دەکرێتەوە 63."
 
پێشتر تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2014 یاسای خانەنشینی هەموار کرایەوە و تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکرایەوە.
 
کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق:
 
- دەنگدان بە پرۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.
- دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پشەسازی لە کەرتی تایبەت و تێکەڵ.
- دەنگدان بە پێشنیازی یاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق.
- دەنگدان بە پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بنەماکانی هاوسەنگیی بڕوانامە و پلە زانستییەکان.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی مافی کەمینەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە