رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی میهران دەڵێت، چالاکییە بازرگانییەکان و هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکەوە دەستیپێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 عەلی عەباس شەفیعی، قایمقامی میهران رایگەیاند، "دوای بەدواداچوونی پارێزگاری ئیلام و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، بە راوێژ لەگەڵ پارێزگاری واست، چالاکییە بازرگانییەکان لە سنووری میهرانەوە دوای 10 رۆژ دەستیان پێکردەوە."
سەبارەت بە هۆکاری وەستانی چالاکیی بازرگانی لەو دەروازە سنوورییەوە، شەفیعی گوتی، "بەهۆی دەرکردنی یاسا نێوخۆییەکانی عێراق بۆ بواری بازرگانیی دەرەکی و زیادکردنی باجی گومرگی بۆ بازرگانان بوو، ئەوەش کێشەی بۆ بازرگانانی عێراق دروستکرد."
پێشتر سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام رایگەیاندبوو، لە 9 مانگی رابردوودا بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردە کراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئیلام، ئەو کاڵا و پێداویستییانەی لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردە دەکرێن، زیاتر بریتین لە کەرەستەی کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، شیش و ئاسن و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
دەروازەی سنووریی میهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ