وەزارەتی بەرگریی عێراق لینکی وەرگرتن لە کۆلێژ و سەنتەرێک کارا دەکات؛ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

15-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کاژێر 12:00ـی ئەمشەو لینکی داواکاری بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی دەریایی و سەنتەری راهێنانی پیشەیی دەریایی سەر بە فەرماندەیی هێزی دەریایی لە ئینتەرنێت کارادەکرێت و فۆرم پڕکردنەوە دەستپێدەکات، وەرگرتن دەرچووانی بەشی زانستیی پۆلی 12 و پۆلی نۆی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بەولاوە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە لینکەکە کارا دەبێت و لەڕێگەیەوە دەتواندرێت فۆرمی وەرگرتن پڕبکرێتەوە.
 
بۆ بینینی فۆرمەکە، کلیک لێرە بکە
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە ئەکادیمیای کەنداو بۆ لێکۆڵینەوە دەریاییەکان لە فەرماندەیی هێزی دەریایی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە دەرچووانی پۆلی 12ی زانستی کرد، داواکاری بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژی دەریایی پێشکێش بکەن؛ هەروەها داوای لە دەرچووانی ناوەندی کردبوو داواکاری لە سەنتەری راهێنانی پیشەیی دەریایی پێشکێش بکەن.
 
مەرجەکانی وەرگرتن وەکو وەزارەتەکە دەڵێت ئەمانەن:
 
بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی دەریایی:
 
1- عێراقی بێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
 
2- بڕوانامەی پۆلی 12ی زانستیی هەبێت و تێکڕای گشتیی نمرەکانی 65% کەمتر نەبێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە بەشی زانستە دەریاییەکان بخوێنن؛ هەروەها 75% کەمتر نەبێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە بەشی زانستەکانی ئەندازەی دەریایی بخوێنن.
 
3- نمرەی لە بابەتەکانی فیزیا و بیرکاری 75% کەمتر نەبێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە بەشی زانستەکانی ئەندازەی دەریایی بخوێنن.
 
4- تەمەنی پێشکێشکار لە 17 ساڵ کەمتر و لە 21 ساڵ زیاتر نەبێت.
 
5- رەوشتی بەرز بێت و خۆشەویستیی بۆ نیشتمان و گەل هەبێت.
 
6- مەرجەکانی سەلامەتیی تەندروستی بەپێی رێکارە پشتپێبەستراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکی تێدابێت.
 
7- پشکنینی راهێنانی جەستەیی و تاقیکردنەوەی دەروونی و زیرەکیی تایبەت بە ئەکادیمییەکە ببڕێت.
 
8- چاوپێکەوتنی لیژنە بکات.
 
9- لە هیچ خولێک لە کۆلێژی دەریایی دەرنەکرابێت و لە سوپا هەڵنەهاتبێت.
 
10- بە هیچ تاوانێکی ئابڕووبەرانە سزا نەدرابێت و بەشداریکردنی لە کاری تیرۆریستی نەسەلمێندرابێت.
 
11- نابێت پەیوەندیی بە هیچ جووڵانەوە یان حیزب و رێکخراوێکەوە هەبێت.
 
12- بەڵێن بدات لانیکەم 20 ساڵ لە هێزە چەکدارەکان بمێنێتەوە ئەگەر خوێندنەکەی لەسەر هێزی دەریایی بێت؛ 15 ساڵیش لە دامەزراوە مەدەنییەکانی حکومەت بمێنێتەوە، ئەگەر بیەوێت لەسەر ئەو دامەزراوانە بێت.
 
مەرجەکانی وەرگرتن لە سەنتەری راهێنانی پیشەیی دەریایی:
 
1- عێراقی بێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
 
2- بڕوانامەی ناوەندیی هەبێت و تێکڕای نمرەکانی کەمتر لە 65% نەبێت.
 
3- تەمەنی لە 15 ساڵ کەمتر و لە 20 ساڵ زیاتر نەبێت.
 
4- رەوشتی بەرز بێت و خۆشەویستیی بۆ نیشتمان و گەل هەبێت.
 
5- مەرجەکانی سەلامەتیی تەندروستی بەپێی رێکارە پشتپێبەستراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکی تێدابێت.
 
6- پشکنینی راهێنانی جەستەیی و تاقیکردنەوەی دەروونی و زیرەکیی تایبەت بە ئەکادیمییەکە ببڕێت.
 
7- چاوپێکەوتنی لیژنە بکات.
 
8- لە هیچ خوولێک لە کۆلێژی دەریایی دەرنەکرابێت یان لە سوپا هەڵنەهاتبێت.
 
9- بە هیچ تاوانێکی ئابڕووبەرانە سزا نەدرابێت یان بەشداریکردنی لە کاری تیرۆریستی نەسەلمێندرابێت.
 
10- نابێت پەیوەندیی بە هیچ جووڵانەوە یان حیزب و رێکخراوێکەوە هەبێت.
 
ئەو بەڵگەنامانەی پێویستن بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت داواکاری پێشکێش بکەن، ئەمانەن:
 
1- فۆرمی پێشکێشکردن کە وێنەی کەسیی لەسەر بێت.
 
2- کارتی نیشتمانیی رەسەن و کۆپی؛ کارتی نیشتەجێبوونی رەسەن و کۆپی؛ پاڵپشتیی نیشتەجێبوون.
 
3- بڕوانامەی دەرچوون، کە لەلایەن پەروەردەوە پەسند کرابێت.
 
4- بەڵگەنامەی شەهیدبوون بۆ ئەو کەسانەی کوڕ و کچی شەهیدن.
 
5- ژمارە مۆبایل و ژمارەیەکی دیکەش دابنێت.
 
6- سەرجەم بەڵگەنامەکان بخرێنە فایلێکی نایلۆنەوە، بەم شێوەیە: - شین بێت - تایبەت بە کۆلێژی دەریایی؛ یان - رەنگی زەرد - سەنتەری راهێنانی پیشەیی دەریایی.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت