سوودانى لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانى پێشوو پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین کۆنگرەى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى لە بەغدا چەند راسپاردەیەکی دەرکرد، لەوانە پەلەکردن لە یەکلاییکردنەوەى سکاڵا و داوا یاساییەکان لەبارەى دۆسیەکانى گەندەڵى و هەڵسەنگاندنى کاری خاوەن پلە باڵاکان. سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەی پێشوو پێکدەهێندرێت کە تێبینی لەسەریان هەیە.
 
14ـی کانوونى دووەمى 2024، یەکەمین کۆنگرەى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا حەوت راسپاردە دەرکران، لەوانە پەلەکردن لە یەکلاییکردنەوەى سکاڵا و داوا یاساییەکان لەبارەى دۆسیەکانى گەندەڵى لە وادەى یاسایی دیاریکراوى خۆیاندا، بەتایبەت دۆسیە گەورەکانی گەندەڵى و پەیوەندار بە گەورە کارمەندانى دەوڵەتەوە، هەڵسەنگاندنى کاری خاوەن پلە باڵاکان لە دامەزراوەکانى حکومەت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگرى لە گەندەڵى و پاراستنى پارەى دەوڵەت، هەوڵدان بۆ واژۆکردنى رێککەوتنى هاریکارى لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندیدارن بە گەڕاندنەوەى پارەى دزراو، تۆمەتباران و داواکراوان و سزادانیان.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە گوتارێکدا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، تیمى وردبینی سکاڵاکانى تایبەت بە دۆسیەکانى گەندەڵى 71 دۆسیەى لە سەرجەم بوارەکاندا وردبینی کردووە و، لێکۆڵینەوەى کارگێڕیی لە 24 دۆسیەدا کردووە.

 

محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەش دا؛ فەرمانی بە پێکهێنانى لیژنەیەک کردووە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانى رابردوو، کە تێبینییان لەسەرە و رێنمایی تایبەتیشی دەرکردووە بۆ ئاسانکاریى جێبەجێکردنى یاسایى هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان. 
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتیشى، "پەیوەندیى عێراق بە وڵاتان، پەیوەندیدارە بە ئاستى هاوکاریکردنیان لە گەڕاندنەوە پارە و داواکراوان."
 
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى بۆ ساڵى 2023، لە کۆى 180 دەوڵەتى جیهان، عێراق لە ریزبەندى 157ـەمین وڵاتە لە رووى گەندەڵیەوە.