رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا رۆژى قۆناخى کۆتایی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانە، راگەیاندنى وردەکاریی ئەنجامی سەرژمێرییەکەش دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ قۆناخى سێیەمى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان کە تایبەت بوو بە وەرگرتنى زانیارى و وردەکاریى دۆخى خێزانەکان کۆتایی دێت و وادەکەشی درێژناکرێتەوە."
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە، عەبدولزەهرە هینداوى گوتی، "بەگوێرەی پلانەکانمان لە کۆتاییەکانی مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو، ئەنجامى کۆتایی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بە فەرمى رادەگەیێندرێت".
هاوکات، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاوشێوەی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش ئەمڕۆ سەرژمێریی کۆتایی دێت و تائێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکەی نییە، چونکە سەرجەم کارەکان بە سەرکەوتوویی تەواوکراون."
سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە 20ـى تشرینى دووەم دەستیپێکرد، بەر لەوە پرۆسەی گەماڕۆسازی و ژمارەدانان بەڕێوەچوو. دوایین قۆناخیش وەرگرتنى زانیاریى وردەکاری خێزانەکان بوو.
25ـى تشرینى دووەمى 2024، ئەنجامى بەرایی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق راگەیێندرا، بەپێی ئەنجامەکە، ژمارەى دانیشتووانى عێراق 45.4 ملیۆن کەس بوو، 6.3 ملیۆنیان دانیشتووى هەرێمى کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ