بەشێک لەوانەی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری، توانرا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت، کە رۆژی 08-12-2023 هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەشێکیان دەستگیرکران.
 
رۆژی پێنجشەممە، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، "ئەو دەستدرێژییە"ی لە هەشتی کانوونی یەکەمی 2023 باڵیۆزخانەی ئەمریکا، باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانەکانی حکومیی کردە ئامانج، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە بێدەنگ بن و چاوپۆشی لێ بکەن.
 
لیوا یەحیا رەسوول، لەبارەی ئەو کەسانەی لە 8ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئاشکرای کردووە، "دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و تەکنیکی، دەزگا ئەمنییەکانمان توانیان ناسنامەی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەداخەوە هەندێکیان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەشڵێت: "دوای دەرکردنی بڕیاری دادوەر بۆ پشکنین و دەستگیرکردن، دەزگا ئەمنییەکان توانیان هەندێکیان دەستگیر بکەن، هەوڵەکانی گەڕان و پشکنینیش بەردەوام بۆ گەیشتن بە هەموو ئەوانەی ئاسانکارییان بۆ ئەو دەستدرێژییە کردووە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرکەوتوو بوون بە گەیشتن.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 8-12-2023، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کرد، بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو زیانەشی کە بە "ئاساییشی نیشتمانی، سەقامگیریی وڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق گەیاندووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لەو هەڵوێستەی سوودانی کرد و رایگەیاند، "سەرۆکوەزیران سوودانی بە شێوەیەکی راست ئەم هێرشانەی بە 'کاری تیرۆرستی' ناوبردن."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، "داوا لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەستگیر بکەن و بە دادپەروەرییان بگەیێنن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنیداوە کە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی ئەمریکاش بپارێزێت، کە لەسەر داواکاریی عێراق لەوێن. ئەمە، هاوشێوەی مافی بەرگری لەخۆکردنمان، قسەی لەسەر ناکرێت."
 
هەر لەو رۆژەدا، بارەگای فەرمانگەی ئاساییشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا بە مووشەک کرایە ئامانج. ئەو هێرشەش زیانی گیانی نەبوو. 
 
هێزە شيعەکانی لایەنگری ئێران کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێنن، رۆژی هەینی رایانگەیاند، هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق رەتدەکەنەوە و "پشتیوانیی تەواوی" خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیشان دەدەن. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییە شيعەکە "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ـی ئەنجامداوە، کە روون نییە ئایا مەبەستی هەمان ئەو کۆبوونەوە ئەمنییەیە کە نووسینگەی سوودانی باسیکرد یان نا.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "جەختی لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستیانە کرد کە ئاساییش و سەروەریی وڵات دەکەنە ئامانج، بە هەر جۆرێک بن، ئامانجەکانیان هەر کێ بن و هەر مەبەستێکیان لە پشتەوە بێت."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و داواکارییەکانی پیشاندا بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوی گومانلێکراوی" هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.