عێراق بەنیازی داڕشتنی ستراتیژییەتێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە سەنتەری ستیمسۆنی ئەمریکی بۆ توێژینەوە دەڵێت، عێراق بەنیازی داڕشتنی ستراتیژییەتێکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆرانی کەشوهەوا و ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشبینی دەکەن "ساڵی داهاتوو ئەو ستراتیژییە بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دابڕێژرێت" و دەشڵێت، "گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر لایەنی ئەمنی، کولتووری و مێژووی عێراقیش دەبێت".
 
شەوی پێنجشەممە 14-12-2023، د. کاوە حەسەن، بەرپرسی بەشی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە سەنتەری ستیمسۆنی ئەمریکی بۆ توێژینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا دوو وێرکشۆپیان بە هاوئاهەنگی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر و بەسرە رێکخستووە و بڕیارە ساڵی داهاتووش وێرکشۆپی سێیەم بکەن.
 
کاوە حەسەن گوتی، "دەمانەوێت هەوڵبدەین مەترسییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق دەربخەین، ئەوەش لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان".
 
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆرانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بۆیە حکومەتی عێراق بەنیازی داڕشتنی ستراتیژییەتێکە بۆ رووبەڕووبونەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی. ئەگەری هەیە ساڵی داهاتوو ئەو ستراتیژییە بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دابڕێژرێت".
 
د. کاوە حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عێراق وڵاتێکی پیشەسازی نییە و کارگەی گەورە و زۆری تێدا نییە، بەڵام دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری گەورەی لەسەر بووە و گوتیشی، "گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ، وشکەساڵی و خراپ بەکارهێنانی سامانەکان هۆکاری سەرەکیین". 
 
ئەو توێژەرە دەڵێت، "گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە بەشێک لە زۆنگاوەکانی عێراق دەکات، بەتایبەت لە ناوچەی جبایش لە باشووری عێراق کە ئەوە مێژوو و کولتوورێکی تەمەن پێنج هەزار ساڵە، جگە لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی ئەمنی و ئابووری و چەندین لایەنی دیکەی هەیە".
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بەوەش وشکەساڵی زۆرتر دەبێت و گەردەلوولی بیابانیش لمی زیاتر بەسەر میراتە نەتەوەییەکاندا دەدات.