رووداو دیجیتاڵ
گرووپی سەرایا سەلام، باڵی چەکداریی رەوتی سەدر بڕیاری دوورخستنەوەی 10 چەکداری دیکەی لە ریزەکانی دا. بەوەش لە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە 59 کەس لە ریزەکانی ئەو گرووپە دەرکراون.
بەرپرسێکی رەوتی سەدر هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو چەکدارانەی گرووپەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "لەگەڵ کەسوکار و بەربژێرە نزیکەکانیان بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە".
شەوی پێنجشەممە 14-12-2023، گرووپی چەکداریی سەرایا سەلام، باڵی چەکداریی رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەکات، لە 10 نووسراوی جیادا 10 ئەندامی خۆی لە ریزەکانی دەرکرد کە لە لیوای 301ـی پارێزگای نەجەفن.
لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەیان، گرووپەکە دەڵێت، "سەرپێچی فەرمانەکانیان کردووە و هەڵساون بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەی بەربژێرانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان"، کە بەپێی گرووپەکە ئەوە پێچەوانەی تێڕوانینی موقتەدا سەدری رێبەریانە.
ئەو لیستەی بڵاوکراوەتەوە سێیەم لیستی دەرکراوەکانی گرووپەکەیە. رۆژی سێشەممە 12-12-2023، گرووپی سەرایا سەلام 34 کەسی لە ریزەکانی دوورخستەوە. رۆژی چوارشەممەش 15 چەکداری دیکەی دەرکرد.
حوسێن عەزاری، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو رەوتی سەدر لە پارێزگای نەجەف، لەبارەی دەرکردنی ئەو چەکدارانە، شەوی پێنجشەممە 14-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسانە سەرپێچیی فەرمانەکانی سەرووی خۆیان کردووە و بانگەشەیان کردووە کە ئەوەیان لێ قەدەخەکراو بوو".
بڕیارە رۆژی 16ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت و 18ـی مانگیش دەنگدانی گشتی.
رەوتی سەدر بایکۆتى ئەو هەڵبژاردنە دەکات و ئەوەش یەکەمجارە لە ساڵى 2009ەوە ئەو رەوتە بایکۆتى ئەو هەڵبژاردنە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ