سوودانى: هەموو دەستدرێژییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر تیرۆریستین

14-12-2023
هەستیار قادر
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
نیشانەکردن سوودانی لە بێستوون تۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، "هەموو ئەو دەستدرێژییانەی کراون، بە دەستدرێژیی ئەم دواییەوە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر، کاری تیرۆریستین".
 
ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەت بەدوای ئەنجامدەرانیاندا دەگەڕێت؛ دەشڵێت، "لایەن هەیە بابەتی بوونى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق وەک پاساو بەکاردەهێنێت بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق".
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە بەرنامەى بێستوون تۆکی تۆڕى میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023 پەخشکرا، رایگەیاند، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان یان لە هەر شوێنێکی دیکەی عێراق لەو بابەتانەیە کە ئێستا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و رووداوی دیارن لەم دۆخە هەستیارەى ئێستادا.
 
 محەمەد شیاع سوودانى گوتى، "ئێمە کێشەیەکمان هەیە و نایشارینەوە؛ کێشەی چەکمان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت هەیە. گرووپی چەکدار هەن کە ناسراون و ئاشکران. ئەوان باوەڕ و هەڵوێستێکیان لەبارەی هێزی بیانی لەنێو عێراق هەیە. بوونی ئەو هێزانە، بە قسەی ئەوان، جۆرێکە لە داگیرکاری و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات و ئەوەش یەکێک بووە لەو بابەتە گرنگانەی کاتێک راسپێردرام قسەم لەبارەوە کرد".
 
لە 18ى تشرینى یەکەمى 2023ـوە هێرشی درۆن و مووشەکى گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستى پێکردووە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، "ئەمە چۆن چارەسەر بکەین؟ بە بۆردوومان و مووشەک؟ هەریەک لای خۆیەوە لەجیاتی دەوڵەت و دامەزراوەکانی بڕیار بدات؟ ئەوە دروست نییە. ئەو کارە عێراق بەو جۆرە نیشان دەدات کە دەوڵەتێکە کۆمەڵێک گرووپی چەکدار سەرکردایەتی دەکەن و لەجیاتی گەل بڕیار دەدەن. بۆچوونی تۆ هەرچییەک بێت وەکو گرووپ و تاقم، ئەوە تەنیا بۆچوونی تۆیە و مەرج نییە رای هەموو گەلی عێراق بێت".
 
محەمەد شیاع سوودانى رایگەیاند، لایەن هەیە پرسی بوونى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق وەک پاساو بەکاردەهێنێت بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق و هاندانی چەند لایەن و گرووپێک؛ گوتیشى، "قسەی ئێمە بە درێژایی یەک ساڵی تەمەنی حکومەت لەگەڵ دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە بووە کە کاتی ئەوە هاتووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکشێتەوە و پێویستمان پێی نییە. ئەوانیش قبووڵیان کردووە. لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رێککەوتووین کە لیژنەیەکی دووقۆڵی پێکبێت، گفتوگۆ بکەین و خشتەیەکى کاتى بۆ دەرچوونی هێزەکانیان دابنێین، بەڵام پێشهاتی لەناکاو هاتە پێش، ئەویش رووداوەکانی غەززە بوو".

 

 
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن بەرپرسیارێتى خۆیان لەو هێرشانە رادەگەیێنن کە دەکرێنە سەر هەردوو بنکەى عەین ئەسەدى ئەنبار، لەگەڵ هەردوو فڕۆکەخانەى هەریر و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان. پاساوى ئەو گرووپانە بۆ ئەو هێرشانەیان تۆڵەسەندنەوەیە لە پاڵپشتى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕى غەززەدا.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، پێشهاتى شەڕى غەززە "سەرلەبەری ناوچەکەی شۆك کردووە" و وەکو حکومەت هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لەبەرامبەر دۆخى غەززە دەربڕیوە، بەڵام خۆئاڵاندن لە ململانێ لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە.
 
سوودانى گوتى، "هەموو ئەو دەستدرێژییانەی کراون، بە دەستدرێژیی ئەم دواییەشەوە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هەروەها دەستدرێژی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، کاری تیرۆریستین و حکومەتیش بە دەزگا ئەمنییەکانییەوە بەدوای ئەنجامدەرانیاندا دەگەڕێ و پشتیوان بەخودا رایدەگەیێنین کێ بوون ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە و هیچ نەرمییەکیش لەو بابەتەدا نانوێنین".
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7-12-2023 بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
 
هەمان رۆژ دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، "کاژێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش دواتر لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە" و گوتی، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە