سوودانی بۆ بازرگانان: مەچنە بازاڕی رەش و دۆلارتان بە نرخی فەرمی پێدەدەین

14-12-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن سوودانی لە بێستوون تۆک
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، تیمی راوێژکارانى خۆی رەشنووسێکیان بۆ هەموارى یاساى بودجە داوەتە لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق تاوەکو رەزامەندی لەسەر بدەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە دەنگدانەوە کە تایبەتە بە چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێمى کوردستان لەیاساى بودجەدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆتایی ئەم مانگەدا تاوتوێى جیاوازى خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان دەکەن لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەى بۆی نێردراوە و ئەگەر خەرجى هەرێمى کوردستان زیاتر بوو لەو پشکەى بۆی نێردراوە پارەى دیکەی دەدرێتێ.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە بەرنامەى بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023 پەخشکرا، رایگەیاند، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچەخۆران کێشەی وەرنەگرتنی مووچەیان هەیە. لە یاسای بودجەدا بەندێکی روون هەیە بەناوی خەرجیی گشتی کە ئەوەیە دەوڵەت چەندە خەرج دەکات، رێژەی 12.6%ی دادەنێین بۆئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە پارەدارکردنى مانگانە بدرێت".
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتیشى، "هیچ بەندێکی روون لە یاسای بودجەدا نییە کە تایبەت بێت بە مووچەی فەرمانبەران. رێژەی 12.6% ئەوە بەشی هەرێمى کوردستانە و دەیەوێت بیداتە مووچە، دەیەوێت پرۆژەی پێ جێبەجێ بکات، ئەوە دەسەڵاتی خۆیەتی بە گوێرەی دەستوور. ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی ئەو رێژەیە لە خەرجییە گشتییەکان دەدەین و وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوەندەمان خەرج کردووە، ئەو رێژەیە دەربهێنن و پارەی هەرێم بدەن، لە بەرامبەریشدا دەبێ هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی بنێرێت".
 
یاسای یودجەى گشتى عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە، پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا دەگاتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ساڵى 2023 تەواوى ئەو پشکە نەنێردراوە بۆ هەرێمى کوردستان.
 
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، لە کاتى جێبەجێکردنى یاساى بودجەدا تووشى چەند کێشەیەک بوون کە چاوەڕوانیان نەکردوون، لەوانە گۆڕانکاریکردن لە پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان کە جیاواز بووە لەوەى حکومەت ناردبووى و رێککەوتنى لەسەر کرابوو، لەوانەش لە پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.
 
 سوودانى ئاماژەى بەوەشدا کە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگرت و بەو هۆیەوە هەرێمى کوردستان داهاتی نەوتی لەدەستدا، تەنیا داهاتی نانەوتی بۆ مایەوە و ئەوەش کێشەکەی ئاڵۆز کرد و وای لە هەرێمى کوردستان کرد پابەندییەکانی سەرشانی بەرامبەر هاووڵاتیان جێبەجێ نەکات.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى، "کاتێک دێینە سەر ئەوەی پارە بۆ هەرێم بنێرین، ئەمڕۆ وەکو حکومەتی فیدراڵی، ئەم سەرۆکوەزیرانە مەحکومی یاسایە، من ئەو دەسەڵاتە رەهایەم نییە بەسەر یاسادا باز بدەم و بڵێم فڵان شت بنێرم".
 
لە ساڵى 2023دا بە چەند گوژمەیەک بەغدا چوار تريلیۆن و 698 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە کە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارى بە قەرز بووە لە رێگەى هەر سێ بانکى رەشید، رافیدەین و تى بی ئاى کە ئەو پارەیە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى ساڵى 2024 دەبڕدرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتى، "بۆئەوەی بەرەو رووی ئەو کێشە ببینەوە، ناچار بووم بچم پارە بە قەرز بدەم، ئەوە رێکارێک بوو، چونکە جێبەجێکردنی یاسای بودجە ئەو نەرمییەی تێدا نییە کە رێگە بدات پارە بدەینە هەرێم بۆئەوەی مووچە بدات؛ بۆیە ناچار بووم بەشێوەی قەرز بیدەم".
 
کێشەیەکی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر زاراوەی خەرجى راستەقینەیە لە یاساى بودجەى گشتى کە لە دواى جیاکردنەوەى پشکى هەرێمى کوردستانى لێ دەدرێت و هەرێمى کوردستان داوا دەکات ئەو زاراوەیە لابدرێت لە رێگەى هەموارکردنى یاساى بودجەوە.
 
سوودانی دەڵێت، "داوام لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە کە هەموو پێکهاتەکانی تێدایە [بۆ هەمواری یاسای بودجە]. تیمی راوێژکاران رەشنووسێکى هەموارى یاساى بودجەیان داوەتە ئەو لیژنەیە کە خۆم ئامادەم کردووە بۆئەوەی بیخوێننەوە و رەزامەندی لەسەر بدەن و لە ئەنجوومەنی وەزیراندا بخرێتە دەنگدانەوە و پاشان پشتیوان بە خودا ئەو هەموارە لە نزیکترین دەرفەتدا دەنێرین بۆ پەرلەمان".
 
فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەى سێ مانگیان وەرنەگرتووە، بەهۆى کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى خەرجى و داهاتەکان. 
 
سوودانى گوتى، "بابەتی جیاوازییەکان هەیە. ئێمە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەتەڵەی دەکەین؛ بڕی ئەو پارەیەی دراوەتە هەرێم بەراورد بە خەرجییە گشتییەکان، چونکە من مەحکومم بە یاسا، من بیرم لە هەمواری یاساکە کردووەتەوە بۆئەوەی لەم کێشەیە دەرباز بین. لەبەر رۆشنایی ئەو تەتەڵەیەدا تەماشا دەکەین بزانین بەشی هەرێم کەمتر بووە لە پشکی خۆی؟ ئەگەر بەو جۆرە بوو، ئەو کاتە پارەی دیکە دەخرێتە سەر بەشەکەی. ئەگەر هێندەی بەشەکەشیان بوو، ئەوە ناچار دەبین بچینە ساڵی نوێوە و بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە بڕۆین. بە پلەی یەکەمیش دەمەوێت ئەوە بپارێزم کە مووچەی فەرمانبەران بێ ئاستەنگ بڕوات. ئەوەشی دەمێنێتەوە دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتێک کە ناتوانین دوای بخەین مووچەی فەرمانبەرانە. بۆیە دەمانەوێ پەلە بکەین".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە