رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕگەیەکى یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە، کە رێگەى بە بەڕێوەبەرانى گشتى دەدا بە 80%ى مووچەکانیان خانەنیشن ببن.
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق 13ى تشرینى دووەم دەرکراوە، لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی پێشکێش بە دادگەى کردبوو لە دژى بڕگەى هەشتى مادەى 35ى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى هەموارکراو.
بەگوێرەى ئەو بڕگەیە، مووچەى خانەنشینى بەڕێوەبەرانى گشتى دەگەیشتە 80%ى کۆى مووچە و دەرماڵەکانیان.
یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لە ساڵى 2014 لە لایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسند کراوە، ساڵى 2019 هەموارکراوەتەوە و ئەو بڕگەیەى تایبەت بە خانەنشینى بەڕێوەبەرانى گشتى بۆ زیاد کراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە گوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى، ئەو بڕگەیە هەڵوەشێندراوەتەوە کە لە هەموارى 2019 زیادکراوە و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخى پێشووى لە یاسای خانەنشینى یەکگرتوو کە لە 2014یە.
بە هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕگەیە، خانەنشینکردنى بەڕێوەبەرانى گشتى بە هاوشێوى فەرمانبەرانى دیکەى دەوڵەت دەبێت، کە بە گوێرەى مادەى 21ى یاساکە بەرزترین مووچە لەڕووى خزمەت و تەمەنەوە دەگاتە 75%ى تێکڕای مووچەکانیان.
لە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى هاتووە کە هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕگەیەى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لە رۆژى دەرچوونى بڕیارەکەوە لە 13ى تشرینى دووەم کارى پێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ