عێراق خولێکى سەربازیى هەزار کەسى دەکاتەوە و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریی عێراق خولێکى نوێى ئەفسەران دەکاتەوە بۆ ئەوانەى بڕوانامەى ئامادەییان هەیە، کە نزیکەى هەزار کەس وەردەگرن. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن خۆیان بۆ خولەکە ناونووس بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ى تشرینى دووەم، وەزارەتى بەرگریى عێراق بانگەوازی بەشداریکردنى لە خولى 115ى کۆلێژى سەربازی بڵاوکردەوە.
ئەو خولە بۆ دەرچوانى قۆناخى ئامادەییە بە هەموو بەشەکانییەوە؛ زانستى، وێژەیی، بازرگانى و پیشەسازى. داواکارییەکان لە شەممە 21ى تشرینى دووەمەوە لە رێگەى ماڵپەڕێکەوە پێشکێشدەکرێن و تاوەکو 21ى تشرینى دووەم بەردەوام دەبێت.
سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشکێشکردنى داواکارى بۆ ئەو خولەى کۆلێژى سەربازى، هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە کە دەتوانن دواکارییەکان پێشکێش بکەن، ژمارەى ئەو کەسانەى لەو خولەدا وەردەگیرێن لە نێوان 900 بۆ هەزار کەسە".
کلیک بکە؛ لێرەوە فۆرمی داواکاریی پڕ دەکرێتەوە.
مەرجەکانى وەرگرتن لە کۆلێژى سەربازى بۆ دەرچوانى ئامادەیی هەردوو بەشی زانستى و وێژەیی بۆ ئەو خولە ئەوەیە تێکڕاى نمرەکانى 70% کەمتر نەبێت، بۆ دەرچوانى بەشى بازرگانی و پیشەسازییش 80% کەمتر نەبێت. هەروەها تەمەنی بەشداربوو دەبێت لەنێوان 18 بۆ 22 ساڵان بێت. ئەوانەشی سێ ساڵ خزمەتی سەربازییان هەیە، لە تەمەنى نێوان 18 تا 24 ساڵ رێگەی بەشداربوونیان پێ دەدرێت.
سەگڤان سندنى گوتى: "خولى 115 بۆ پێگەیاندنی ئەفسەرانە و لە ساڵى 2025 دەست بە خولەکە دەکەن".
وەزارەتى بەرگرى عێراق رایگەیاند: "هەر کەسێک فۆڕمى ئەلیکترۆنى وەرگرتن لەو خولە بەبێ رەچاوکردنى مەرجەکان پڕبکاتەوە یان چەند جارێک پێشکێشى بکات، داواکارییەکەی پشتگوێ دەخرێت. دواى کۆتایی هاتنى ماوەى پێشکێشکردن، کات و شوێنى پشکنینەکان رادەگیێندرێت و ئەو کەسەى وەردەگیرێت. بڕوانامەى دەرچوونى لەگەڵ خۆى دەبات بۆ کۆلێژى سەربازى، لەگەڵ کارتى نیشتمانى و کارتى زانیارى".
بۆ ئەو کەسانەى کە لە نەتەوەى عەرەب نین، لە کاتى وەرگرتنى دەبێت پشتگیریى بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و بارى شارستانى لەگەڵ خۆى ببات بۆ کۆلێژى سەربازى کە ئەوە بسەلمێنێت لە نەتەوەى عەرەب نییە.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق گوتى: "ئەو بڕگەیە بۆ ئەوەیە بزانرێت رێژەى پێکهاتەکانى دیکەى کورد و تورکمان و ئەوانى دیکە لەو خولەدا چەندە" .
ئەگەر کەسی پێشکێشکار هاویژیندار بێت، پێویستە کۆپیەکى رەنگاورەنگى گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەى و بەڵگەنامەى نیشتەجێبوون و شەش وێنەى مامەڵەش لەگەڵ خۆی ببات.