رووداو دیجیتاڵ
ژنێک و منداڵەکەی کە پەنابەری لوبنانین، لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقی لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ دا لەسەر رێگەی بەغدا - دیالە گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024) لە نزیک ناحیەی جەیدە شەت لە بەرامبەر چێشتخانەی سامان روویداوە، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە.
ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری سپی و ئۆتۆمبێلێکی جۆری سلڤادۆری بارهەڵگر، پێکیاندادا.
عەقید عەباس حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی رووداوەکە ژنێک و منداڵێکی لوبنانی و کەسێکی دیکە گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی دیالە، هۆکاری رووداوەکە لاندکرۆزەرکە بووە، بە هەڵە سووڕاوەتەوە و هاتووەتە نێو شەقامی سەرەکی، بەبێ ئەوەی بزانێت شەقامەکە چۆڵە، یان نا، لە ئەنجامدا ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
عەقید عەباس حوسێن، دەڵێت، تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی بەعقوبە کراون و بریندارەکانیش بۆ چارەسەری گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، ساڵى رابردوو 11 هەزار و 552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ