لە نەینەوا 52 قوتابخانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق- چین دروستکراون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای نەینەوا دروستکردنی 52 قوتابخانەی نموونەیی لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق- چین تەواوبوون و ئەوانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق- چین 92 قوتابخانە دروستدەکرێن.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، لەو ژمارەیە 52 دانەیان تەواوبوون، لە زۆربەیان خوێندن دەستیپێکردووە. هەروەها کارکردن بۆ دروستکردنی 40 قوتابخانەکەی دیکە بەردەوامە. بەشێک لەو قوتابخانانە لە ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوان. بۆ نمونە ناحیەی زوممار.
دووبەردانی پێیوایە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە، هەنگاوێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی چەناڵی نێو پۆلەکان، دوو دەوامی و سێ دەوامی و کۆنی باڵەخانەی قوتابخانەکان.
رۆژی 18-6-2022، مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەردی بناخەی 1000 هەزار قوتابخانەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی عێراق - چین دانا.
هەمان رۆژ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەوەی جێگەی داخە بێبەشكردنی پشكی هەرێمی كوردستانە كە 150 قوتابخانەیە و بە نووسراوی ژمارە 374 لە 23ی 11ی 2020، ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقمان كردووە، پارێزگارە بەڕێزەكانی كوردستان لە سەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێكەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەكانە."
ئەو هەزار قوتابخانەیە لەنێوان پارێزگاکان بەپێی سێ پێوەر دابەشکراون. بەگوتەی حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێوەرەکان بریتین لە چڕی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، دوو دەوامی و سێ دەوامیی قوتابخانە، بوونی قوتابخانەی خراپ. قوتابخانەکانیش بەم شێوەیە دابەشبوون:
بەغدا: 144 قوتابخانە
زیقار: 106 قوتابخانە
نەینەوا: 92 قوتابخانە
بەسرە: 86 قوتابخانە
سەلاحەدین: 78 قوتابخانە
دیوانییە: 61 قوتابخانە
دیالە؛ 56 قوتابخانە
موسەننا: 53 قوتابخانە
میسان: 52 قوتابخانە
ئەنبار: 51 قوتابخانە
واست: 48 قوتابخانە
بابل: 45 قوتابخانە
کەرکووک: 44 قوتابخانە
کەربەلا: 44 قوتابخانە
نەجەف: 40 قوتابخانە