وەزیری پەیوەندییەکانی کۆستاریکا بۆ رووداو: دەبێت هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق زیاتر بکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەیوەندییەکانی کۆستاریکا باس لە گرنگیی کۆنگرەی جیهانیی میدیا دەکات کە لە ئیمارات بەڕێودەچێت و دەڵێت، پێویستە وڵاتانی بەشداربووی کۆنگرەکە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی خۆیان هاوبەش بکەن، بەتایبەتی لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا.
رۆژی سێشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2023، خۆرخی رۆدریگێز ڤیڤێز، وەزیری پەیوەندییەکانی کۆستاریکا، کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنگرەی ساڵانەی جیهانیی میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرسی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەو پرسانەی لە کۆنگرەکەدا بەشێوەیەکی فراوان باس دەکرێت، بەڵام پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردار رووبەڕووی ئەو مەترسییە سرووشتییە ببێتەوە.
خۆرخی رۆدریگێز ڤیڤێز بە رووداوی راگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە پێویستمان بە کردارە، نەک گوتار. ئەمە بۆچوونی کۆستاریکا دەبێت لەو کۆنگرەیەی کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم بەڕێوەبچێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆستاریکای بە یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێنکردووە کە ژێرخانی ئابوورییەکەی زیانێکی گەورەی لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە؛ 77٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە و 80٪ی بەرهەمەکانی کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی مەترسیی روودانی کارەساتی سرووشتیان لەسەرە، وەک لافاو، رۆچوونی زەوی و زریان.
وەزیری پەیوەندییەکانی کۆستاریکا لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، "دەبێت هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی وەکو عێراق فراوانتر بکەین؛ هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو کێشەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر بکەین و بتوانین رووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە، لە رێگەی دووبارەکردنەوەی ئەو رێکارە باشانەی وڵاتانی وەک کۆستاریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان گرتوویانەتەبەر. بۆیە گرنگە هەموو وڵاتان ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی خۆیان بکەن کە ئەمەش رێگەیەکی باش دەبێت بۆ داهاتوو".
هاوکات سوزانا ڤازیلێڤیچ، راوێژکاری میدیایی سەرۆککۆماری سربیا، لەبارەی کۆنگرەی جیهانیی میدیا قسەی بۆ رووداو کرد.
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری سربیا بە رووداوی راگەیاند، "ئەم کۆنگرەیە تاوتوێی چەندین پرسی گرنگ دەکات کە ئێستا رووبەڕوومان بوونەتەوە، وەک گۆڕانی کەشوهەوا. گرنگە ئاڵوگۆڕی ئەو رێکارە پۆزەتیڤانە بکەین کە لەلایەن وڵاتانەوە گیراونەتەبەر، چونکە خەڵکێکی زۆر لە ژمارەیەکی زۆر وڵاتەوە بەشداریان لەم کۆنگرەیەدا کردووە".
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سربیا و زۆرێک لە وڵاتانی بالکان، لە چەند ساڵی داهاتوودا بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی، درێژەکێشانی وشکەساڵی و سووتانی دارستانەکان دەبنەوە.
ژمارەی دانیشتووانی سربیا شەش ملیۆن و 600 هەزار کەسە و یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاتر 30٪ی رووبەری وڵاتەکەی سەوزاییە، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە لە چەند ساڵی رابردوودا زیانێکی زۆر بەو سەوزاییە کەوتووە.
ئاژانسی چاودێریی کەشەوهەوای ئەوروپا دەڵێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 هەزار هێکتار رووبەری دارستانی سربیا سووتاوە.
ئەو راوێژکارە باڵایەی سەرۆککۆماری سربیا گوتی، وڵاتەکەی و تەواوی ئەو وڵاتانەشی نوێنەرانیان لە دووەمین کۆنگرەی جیهانی میدیا لە ئەبوزەبی بەشدارن، پێویستە سوود لە ئەزموون و پێشکەوتنەکانی ئیمارات لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەربگرن.
رۆژی سێشەممە 14-11-2023 کۆنگرەی ساڵانەی جیهانیی میدیا لە شاری ئەبوزەبی، پایتەختی ئیمارات دەستی بە کارەکانی کرد. کۆنگرەکە رۆژنامەڤانان، سەرکردە و شارەزایانی بواری میدیای سەرانسەری جیهان تاوەکو 16ی تشرینی دووەم کۆدەکاتەوە.
13 هەزار و 556 کەس ئامادەی کۆنگرەی ئەمساڵن، سەروو 200یان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا میدیا جیهانییەکانن و زیاتر لە 170 کەس لە پانێلەکانیدا قسە دەکەن، لەوانەش ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پانێلێکدا بە ناونیشانی "شێوازە خۆڕاگرەکانی داهات لە سەردەمی دیجیتاڵیدا؛ دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قازانجکردن،" وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و تێیدا ستراتیجی و روانگەکانی بەدەستهێنانی داهات لە سەردەمی پێشکەوتنی دیجیتاڵیدا تاوتوێ دەکرێن.