ئەگەر بەزوویی پەرلەمانی عێراق کۆنەبێتەوە گرفت بۆ هەڵبژاردنەکان دروست دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لەنێو کۆبوونەوە، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی پێگەیشت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییەکەی، بەوەش یەکسەر کۆتایی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان هات.
 
ئێستا سوکانی پەرلەمان کەوتووەتە دەست جێگری یەکەم کە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، ئەمەش دەنگۆی تێنەپەڕاندنی پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی بەهێزتر کردووە.
 
دارا سێکانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هەندێک لە پەرلەمانتارەکان پێیان وایە، کاتی خۆی لە یاساکەدا ئاماژە بۆ تەمەنی کۆمیسیۆن کراوە، بۆیە پێویستی بە درێژکردنەوە نییە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە یاسایە، مادام یاسایە پەرلەمان دەتوانێت هەمواری بکاتەوە و دەنگ بە درێژکردنەوەی بدات. من پێموایە درێژکردنەوەکەی سوودی هەیە بۆ عێراق بە گشتیی، بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان".
 
نەمانی سەرۆک و دەرفەتی کەمی بەردەم پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە، دەنگی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تیژتر کردووە.
 
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمان لە هاوپەیمانێتیی تەجەموع فاو بۆ زاخۆ دەڵێت، "بارودۆخەکە ناتەواوە و لە قەیراندایە، بۆیە ئێمە وەکو ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵەی فاو بۆ زاخۆ داوامانکرد ئەو هەڵبژاردنە بەهێمنی هەڵبووەشێندرێتەوە، وەک رێزێک بۆ هەستی جەماوەری ملیۆنی رەوتی سەدر وەک رێزێکیش بۆ یاسا و بۆ درێژنەکردنەوە و هەموارکردنی کۆمیسیۆن".
 
 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 7ی کانوونی دووەمی 2024، واتا کەمتر لە دوو مانگی دیکە، تەمەنی یاسایی تەواو دەبێت. لەکاتێکدا پەرلەمان پشووی یەک مانگەی ئەم وەرزەی لەبەردەمە و ئەگەر گوتاری زاڵ، درێژنەکردنەوەی تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆن بێت، هەر 15 پارێزگای عێراق بێ ئەنجوومەنی پارێزگا دەمێننەوە.
 
بە درێژنەکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی عێراق، کۆمیسیۆن نە دەتوانێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رابگەیێنێت و نە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات. بابەتێک کە بەلای رەخنەگرانەوە تیرێک و دوو نیشانی دەسەڵاتدارانی عێراقییە، کە هەم  حوکمی پارێزگاکانیان بەدەستەوە دەمێنێت و هەمیش هەرێمی کوردستان دەخەنە نێو بۆشاییەکی یاسایی درێژخایەنەوە.