سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە: مووچە و بودجەی لیوا هاوبەشەکان خراوەتە پڕۆژەیاسای بودجە


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بودجە و مووچەی دوو لیوا هاوبەشەکە بخرێنە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئامادە بوون. هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لیوا هاوبەشەکان، هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەیی تەوەرانی کۆبوونەوەکە بوون.
 
قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ کرانە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دیدی سەرکردایەتی و سیاسی وایە کە چارەسەری بابەتەکان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بکرێت و رێگە نەدرێت دووبار ببێتەوە، هیواخوازین بریندارەکان بەزووترین کات چارەسەربکرێن خوێنی عێراقییەکان لەهەر شونێک بێت بەهای خۆی هەیە، هەر پرسێکی سیاسیش هەبێت کە تایبەت بێت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران یان تورکیا، کە پەیوەندییان بە شتێکی دیاریکراوەوە هەبێت، دەبێت لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە چارەسەر بکرێن".
 
لیوای هابەشەکان بابەتێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون، بودجە و مووچەیان لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق جێگیرکراوە و خراوەتە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی 2023. 
 
فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی مووچەی لیواکانەوە دەڵێت، "خراوەتە نێو [پڕۆژەیاسای] بودجەی 2023 چاوەڕێ دەکەین کە ئەو بودجەیە پەسندبکرێت. بودجەیان بۆ دیاری دەکرێت و مووچەیان پێدەدرێت ئەمڕۆش کۆبوونەوە کراوە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ ئەوەی پلانێک دابنرێت لەسەر چۆنێتیی دەستبەکاربوونیان و پڕچەککردنیان، هاوپەیمانان لەو رووەوە هاوکارمان دەبن، بۆیە ئەو پرسە زۆر باش بەرەوپێش چووە، تەنیا بابەتی بودجەی ماوەی تەواوبکرێت".
 
لەدوای دیاریکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان چووەتە قۆناخێکی نوێوە، کەم جار هەیە بەبێ یەکدی پلانی سەربازی داڕێژن، خواستیان وایە هاوئاهەنگیی نێوان بەهێزتر بکەن بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان.