لێژنەیەکی پەرلەمانی: بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەی بەغداوە 200 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون

رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەی بەغدا 200 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکە کراون. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، کارگەیەکی زۆر هەیە شەوانە بە شێوەیەکی نایاسایی کاردەکەن و دووکەڵ و گازێکی زۆر دەردەدەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2024 لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی خۆی پێشاندا لەو بۆنی کبریتە، کە ماوەیەکە لە بەغدا بڵاوبووەتەوە. بە قسەی لیژنەکە خەڵک تووشی هەناسەتەنگی بوون و نزیکەی 200 کەس براونەتە چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانی شارەکە.
 
عامر داود، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی دووشەممە 14-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا سەبارەت بەو بۆنەی بەغدا کۆبووەوە، لیژنەیەک پێکهێنراوە، هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان دەکەن. 
 
شەممە 12-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بۆنەی چەند رۆژێکە لە بەغدا بڵاوبووەتەوە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا گوتی، لەسەر ئەو پرسە سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی هاتووەتە سەر هێڵ و لیژنەی پێکهێناوە، رێکاری پێویست و بەپەلە دەگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە.
 
عامر داود کە کوردی فەیلییە، دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری کارگەی کەرپووچ و قیڕ هەن، ئەمانە مەرجی ژینگەییان نییە، شەوانە بەشێوەیەکی نایاسایی کاردەکەن، ئەوەش گرفتی گەورەی دروستکردووە دووکەڵ و گازێکی زۆر دەردەدەن، ئەم وێڕای بوونی پاڵاوگەکانی نەوت و مۆلیدەکان و بەکارهێنانی گازی خراپ.
 
لیژنەی مافی مرۆڤ داوادەکات چارەسەرێکی بەپەلە دابنرێت و وەزارەتی ژینگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەزایانی ژینگە لێکۆڵینەوە بکەن و پێشنیازی خۆیان بدەن، تاوەکو ئەو کارگانە بگوازرێنەوە دەرەوەی شار، کە تایبەتمەندییان تێدا نییە، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە پیسبوونی ژینگە و کەمکردنەوەیان، بەدواداچوون بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە نێو بەغدا و کاریگەری بۆ سەر ژینگە.
 
بەگوێرەی پێگەیەکی جیهانی، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان، بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن.
 
ئەو ئامارە بەگوێرەی پێگەی ئای کیو ئێیەری سویسرییە، کە تایبەتە بە چاودێریی کواڵێتی هەوای جیهان.
 
بەگوێرەی هەمان پێگە، هەواکە ناتەندروستە، کاریگەری لەسەر تەندروستیی خەڵک بەگشتیی هەیە. پێشنیازی کردووە خەڵک ماسک بەکاربهێنێت و ئەگەر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە.
 
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، زیاتر نەبێت لە پێنج مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا؛ بەڵام رێژەکە لە بەغدا گەیشتووەتە 74 مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا.
 
رۆژی 19ى تشرینى یەکەمی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بۆنەی دانیشتووانی بەغدا چەند رۆژێکە هەستی پێدەکەن، یەکەم جار نییە و ‌چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە.
 
لەبارەی هۆکارەکەشی دەڵێت، زۆرن، دیارترینیان بوونی پاڵاوگەی دۆرە و 100 کارگەی خشت، ئەمانە کاردەکەن و گاز و نەوتی خراپ دەستووتێنن. دەرهاویشتەکەشی بۆنێکی ناخۆشی کبریتی دروست دەکات.
 
سەبارەت بە ئامێری پێوانەی پیسی هەوا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی گوتی، ئەو ئامێرە لای وەزارەتی ‌ژینگەیە، لەکاتێکدا پێویست بوو لە دەستەی کەشناسی بێت، نەک وەزارەتی ژینگە.