راوێژکاری سوودانی: پیسبوونی هەوای بەغدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوایە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو راگەیاند، عێراق یەکێکە لەو 10 وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین کاریگەری نەرێنی کەشوهەوا و ژینگەی لەسەرە. لەبارەی پیسبوونی هەوای بەغداش گوتی: "هەمیشەیی نییە و لە ئەنجامی گۆڕانی دۆخی کەڵەکەبووی دەیان ساڵی کەشوهەوایە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، میوانی بوڵتەنی کاژێر 11:00ـی رووداو بوو، رایگەیاند، گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوای عێراق پرسێکی نوێ نییە، بەڵکو کەڵەکەبووی دەیان ساڵە. لە پاڵ ئەمەشدا قەتیسبوونی گەرما و وشکەساڵی هەموو ئەمانە کاریگەری نەرێنییان هەبوو لە گۆڕانی کەشوهەوادا.
 
چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەگوێرەی پێگەی ئای کیو ئێیەری سویسری، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان، بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن.
 
تورهان موفتی گوتی: "ئەم پیسبوونە هەمیشەیی نییە بەڵکو لە ئەنجامی گۆڕانی دۆخی کەشوهەوایە کە لە ئەنجامی کەڵەکەبووی شێ روودەدات. کاتێک شێ بەرز دەبێتەوە و دەگاتە سەرووی 50 مایکرۆ، ئەوکات گەردیلەکانی پاڵاوگەکان و گزۆزی ئۆتۆمبێلەکان و موەلیدەکان هەڵدەمژێت و بەمەش چینێکی پیس لەسەر ئاسمانی شارە جەنجاڵەکان دروست دەکات. ئەمە لە بەغدا و شارەکانی دیکەش بەدی دەکرێت".
 
عێراق یەکێکە لەو 10 وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو پێیوایە چارەسەری ئەو دۆخە بە شەو و رۆژێک ناکرێت. ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و تا ئەو کاتەی ستانداردی پێوانەیی ژینگەیی دەگیرێتەبەر، دۆخەکە بەردەوام دەبێت. 
 
تۆرهان موفتی گوتی: "لە 2003وە کێشەیەک لە بەغدا سەریهەڵداوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. کە بریتییە لە نەهێشتنی کێڵگە و باخەکانی دەوروبەری بەغدا کە پشتێنەی سەوز بوو و بە سییەکانی بەغدا دەناسرا. زێدەڕۆیی زۆر کرایە سەر ئەم زەوییانە و یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا دروستکرا. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا".
 
راوێژکارەکەی سوودانی پێیوایە چارەسەری ئەو دۆخە بە داخستنی پاڵاوگەکان یان فلتەرکردنیان، باشترکردنی کواڵێتی سووتەمەنییەکان دەکرێت،  جگە لەوەش دەبێت هەڵمەتێکی جیدی دارچاندن دەستپێبکات، بە تایبەتی لە بەغدا و پارێزگا قەرەباڵخەکانی دیکە.
 
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، زیاتر نەبێت لە پێنج مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا؛ بەڵام رێژەکە لە بەغدا گەیشتووەتە 74 مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا.
 
تۆرهان موفتی هۆکاری درەنگ کارکردن لەسەر ژینگەی عێراق بۆ شەڕە یەک لە دوای یەکەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "دەوڵەتی عێراق لە 2003وە بە چەندین قۆناخی جیاوازی ئەمنی تێپەڕی و چەندین جار شەڕی تیرۆر کرا کە وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەستیانپێکرد، هەموو ئەمانە وایکرد پرسی ژینگە نەبێتە مژاری یەکەم. بۆیە پرۆسەی چاودێریکردنی ژینگەیی هەندێکجار باش و هەندێکجاریش خراپ دەبوو".
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو گوتی: "سەرۆکوەزیران دوو رۆژ پێش ئێستا لیژنەیەکی کاتیی پێکهێنا و ئەوانیش راپۆرتێکی تێروتەسەلیان ئامادەکرد کە تێیدا سەرچاوەی کێشەکانیان وروژاند و میکانیزمی چارەسەرکردنەکانیشیان خستەڕوو. پێموایە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری نوێ دەردەکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا و گۆڕانی ژینگەیی".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆژێکی خۆڵبارین لە ناوچەی شۆریجەی بەغدا، 3-7-2022. وێنە: Reuters

پێگەیەکی جیهانی: هەوای بەغدا پیسە و ماسک ببەستن

چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەگوێرەی پێگەیەکی جیهانی، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان، بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن.