کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: لە پلانماندا نییە کامپ بۆ لوبنانییەکان دروستبکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "لوبنانییەکان پەنابەر نین، بەڵکو میوانن. هیچ بەرنامەیەکیشمان نییە کەمپیان بۆ دروست بکەین، چونکە میوان لە کەمپ دانانرێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی میوانە لوبنانییەکانمان گەیشتووەتە 8000 هەزار کەس کە لە پارێزگاکانی بەغدا، کەربەلا، نەجەف و سەڵاحەدین نیشتەجێ کراون."
 
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "ئەو میوانانەمان بەشێکیان لە ماڵی هاووڵاتیان دەمێننەوە و بەشێکی دیکەشیان لە شوێنی تایبەت بە میوان، هۆتێل و باڵەخانە حکومی و ناحکومییە چۆڵەکان نیشتەجێ کراون. لە بەرنامەماندا نییە کە کەمپیان بۆ دروست بکەین، چونکە ئەوانە میوانمانن نەوەک پەنابەر. میوانیش لە کەمپ داناندرێت."
 
8ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی سێ ملیار دیناری وەک هاوکاریی بۆ هاووڵاتییە لوبنانییەکانی وڵاتەکەی دەرکرد.
 
کەریم نووری دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانی کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی نێوماڵ، پێداویستییە سەرەتایی و لۆجیستییەکانە، چونکە لوبنانییەکان بە دەستی بەتاڵ هاتوونەتە عێراق."
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، "ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لوبنان کۆتاییان بێت، ئەو میوانانەمان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام هەر کەسێکیشیان ویستی گەڕانەوەی نەبوو، ئێمە هەرگیز بە زۆر ناینێرینەوە."
 
دۆخی باشووری لوبنان لە مانگی رابردووەوە ناسەقامگیریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو دێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.