رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد و پێی راگەیاند، گرنگترین شت پێکەوەکارکردنە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا بڵاویکردەوە، کە پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردووە و لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "پێشوازیم لە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کرد. پیرۆزباییم لێکرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هەروەها هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا".
بەرهەم ساڵح کە ماوەی چوار ساڵ سەرۆککۆماری عێراق بوو، لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، نووسیویەتی: "ئێستا گرنگترین شت پێکەوەکارکردنە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە و خزمەتکردنی عێراقییەکان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان بۆ چاکسازی و ژیانێکی شایستە و ئازاد".
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە و لەتیف رەشید لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆککۆماری عێراق. دوای ئەوەی وەک سەرۆککۆمار سوێندی یاسایی خوارد، محەممەد شیاع سوودانی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لە گەڕی دووەمدا لەتیف رەشید توانیی 162 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەوەش 50 کۆ یەکی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەسەر بەرهەم ساڵحدا سەرکەوت کە 99 دەنگی بەدەستهێنا. هاوکات 8 دەنگی پووچەڵیش هەبوو.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا 269 پەرلەمانتار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد. بەراورد بە گەڕی یەکەم دەنگەکانی لەتیف رەشید زیادیکرد و دەنگەکانی بەرهەم ساڵح وەکو خۆی مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ