شاندى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیاز لەبارەى مووچە دەداتە بەغدا

14-09-2023
هەستیار قادر
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
نیشانەکردن شاندی کوردستان لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق و لایەنە سیاسییەکان بەوەى کە مووچەى سێ بۆ شەش مانگى فەرمانبەران بنێردرێت تاوەکو کێشەکانى نێوانیان لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان و دۆسیەى نەوت لەو ماوەیەدا چارسەر دەکرێن و لە سەرەتاى ساڵى 2024 یاساى بودجە وەک خۆى جێبەجێبکرێت. 
 
14ى ئەیلوولى 2023، شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بازرانى، سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرکردەى هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.  
 
بەپێى زانیارییەکانى هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێرى رووداو لە بەغدا شاندى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرکردە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە یاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ چارەسەرى کێشەى بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە مووچەى مانگەکانى تەممووز، ئاب و ئەیلوولى هەرێمى کوردستان بنێردرێت تاوەکو ئەو کێشانەى ئێستا هەن چارە دەکرێن، یاخود مووچەى مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵ بنێردرێت و لە یەکى کانوونى دووەمى 2024 یاساى بودجە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، لەو ماوەیەى کە لەبەردەستیاندایە هەر کێشە و گرفتێک هەیە لەبارەى پرسی نەوت لە یاسای بودجەدا چارەسەرى بکەن. 
 
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە سوودانى، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەلەرمان، هەریەکە لە نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى؛ حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانى نەسڕ؛ هادى عامرى ، سەرۆکى هاوپەیمانىی فەتح؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە. 
 
بڕیارە یەکشەممە 17ى ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆببێتەوە، بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى رووداو لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر میکانیزمێک دەدرێت بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بڕەکەى و شاندى هەرێمى کوردستان داواى 775 ملیار دیناریان کردووە بۆ مووچەى فەرمانبەران بۆ ئەوەى لەگەڵ داهاتى ناوخۆ مووچە بدەن.
 
دواى ئەوەى یاساى بوجەى گشتیی عێراق لە 12ى حوزەیرانى 2023 پەسەند کرا، بەغدا تەنیا 598 ملیار دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، لەکاتێکدا پشکى مانگانەى بە پێى یاساکە دەگاتە زیاتر لە 1.3 تریلیۆن دینار.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.