مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان: ئیشەڵڵا موژدەی خێرمان پێدەبێت

15-09-2023
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی مەسرور بارزانی لە بەغدا.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی مەسرور بارزانی لە بەغدا.
نیشانەکردن شاندی کوردستان لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی دەڵێت، دوو پێشنیازی درێژخایەن و کورتخایەنیان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێن. لەبارەی دابینکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئیشەڵڵا موژدەی خێرمان پێدەبێت."  
 
شەوی پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "بۆ چارەسەری درێژخایەن، لەوانەیە پێویستی بە تەشریع و هەندێ گۆڕانکاری و هەموارکردنی هەندێ یاسا هەبێت کە بەیەکەوە دواتر کاری زیاتری لەسەر دەکەین."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشنیازی دووەمیشەوە گوتی: "بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە لە یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ؛ هەر بۆ ئەم بابەتەش چەندین پێشنیازمان خستووەتەڕوو و پێشوازی لێکراوە و هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە دیاریشمان کردووە لەگەڵیان، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردنی و پشتیوانیکردن لەو پێشنیازەی کە هەمانبووە، کە بتوانین دواتر مووچەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەین بۆ ئەم ساڵ و ئیشەڵڵا موژدەی خێرمان پێدەبێت و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە دەبین. هیوادارین ئەو ئامادەکارییانە هەمووی ببن بە بڕیار."
 
رۆژی  پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
 
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە سوودانى، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەلەرمان، هەریەکە لە نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى؛ حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانى نەسڕ؛ هادى عامرى ، سەرۆکى هاوپەیمانیی فەتح؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە.
 
بەپێى زانیارییەکانى هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێرى رووداو لە بەغدا شاندى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیازیان خستووەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرکردە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە یاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ چارەسەرى کێشەى بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە مووچەى مانگەکانى تەممووز، ئاب و ئەیلوولى هەرێمى کوردستان بنێردرێت تاوەکو ئەو کێشانەى ئێستا هەن چارە دەکرێن، یاخود مووچەى مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵ بنێردرێت و لە یەکى کانوونى دووەمى 2024 یاساى بودجە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت، لەو ماوەیەى کە لەبەردەستیاندایە هەر کێشە و گرفتێک هەیە لەبارەى پرسی نەوت لە یاسای بودجەدا چارەسەرى بکەن. 
 
بڕیارە یەکشەممە 17ى ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆببێتەوە، بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى رووداو لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر میکانیزمێک دەدرێت بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بڕەکەى و شاندى هەرێمى کوردستان داواى 775 ملیار دیناریان کردووە بۆ مووچەى فەرمانبەران بۆ ئەوەى لەگەڵ داهاتى ناوخۆ مووچە بدەن.
 
دواى ئەوەى یاساى بوجەى گشتیی عێراق لە 12ى حوزەیرانى 2023 پەسەند کرا، بەغدا تەنیا 598 ملیار دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، لەکاتێکدا پشکى مانگانەى بە پێى یاساکە دەگاتە زیاتر لە 1.3 تریلیۆن دینار.
 
 

 

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، ئێمە ئەمڕۆ وەکو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتین بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەین بە هەندێک چارەسەر بۆ ئەم گرفتانەی ئێستا هەن. 

جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بکەم کە هەم لە هاتنمان لە پێشوازیدا بوون، هەم ئێستاش پشتیوانی خۆیان بۆ ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان خستووەتە روو، هەموومان بەیەکەوە یەکڕیز و یەکهەڵوێست داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ئەمە خۆی جێگەی تەقدیر و پێزانینە، هیوادارم بەیەکەوە بتوانین هەموو ئەو ماف و شایستە داراییانەی کە هی خەڵکی کوردستانە، دابینی بکەین.

ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، گفتوگۆیەکی چڕ و دوورودرێژمان کرد، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حیزبە سیاسییەکانی تر گفتوگۆی دوورودرێژمان هەبوو و کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان کردووە لەسەر هەموو ئەو بابەتانە و قسەی زۆریشمان کردووە و داوامان کردووە و داوامانکردووە بە چ شێوەیەک ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. 

دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنمان خستووەتەڕوو کە شایستە داراییەکان خەڵکی کوردستان دابین بکرێت. بۆ چارەسەری درێژخایەن؛ لەوانەیە پێویستی بە تەشریع و هەندێ گۆڕانکاری و هەموارکردنی هەندێ یاسا هەبێت، کە بەیەکەوە دواتر کاری زیاتری لەسەر دەکەین. بەڵام بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە لە یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، هەر بۆ ئەم بابەتەش هەندێ پێشنیازمان خستووتەڕوو و پێشوازیی لێکراوە.

لەگەڵ ئەو هەموو لایەنە سیاسییانەشی کە دیدارمان لەگەڵیان کردووە، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردنی لەو پێشنیازانەی هەمووانبووە، بۆ ئەوەی بتوانین مووچەی خەڵکی کوردستان دابین بکەین بۆ ئەمساڵ، ئینشائەڵڵا موژدەی خێریشمان پێدەبێت و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە دەبین، هیوادارین ئەو ئامادەکارییانە هەموویان ببن بە بڕیار بۆ ئەوەی کە ئیتر ئەم گرفتانە چارەسەرببن بەشێوەیەکی زوو و ئینشائەڵڵا خەڵکی کوردستانیش بتوانن مووچەکانی خۆیان وەربگرن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.