دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ 27ـی ئەم مانگە دواخرا

رووداو دیجیتاڵ

بەبێ ئامادەبوونی خۆی و لەسەر داوای پارێزەرەکەی، دادگاییکردنی کەسی سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ رۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخرا، پەرلەمانتارێکیش کە ئامادەی دادگە بوو، دەڵێت "چاوەڕوانین و ئومێد دەکەین لە پرسی دادگاییکردنی تۆمەتباران، بێئومێدی لە دەروونی خەڵک نەچێندرێت."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024) یەکەم رۆژی دادگاییکردنی نوور زوهێر، کەسی سەرەکیی دۆسیەی "دزەیی سەدە" بوو، کە زیاتر لە شەش تریلیۆن دیناری لە سپاردەی باجەکان لە بانکی رافیدەین تێدا دزرا، بەڵام نە تۆمەتبار ئامادەبوو، نە دادگاییەکەش بەڕێوەچوو، هۆکاری ئامادەنەبوونی تۆمەتباریش "دۆخی تایبەت" بوو.
 
مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هۆڵەکە خەڵكی زۆری لێ بوو، بەڵام نوور زوهێر ئامادە نەبوو، پارێزەری تۆمەتبار داوایکرد دادگاییکردنەکە بۆ رۆژێکی دیکە دوابخرێت، کە ئەمە یاسا رێگەی پێداوە."
 
دادگەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا کە بڕیاربوو دادگاییکردنەکەی تێدا بەڕێوەبچێت، بڕیاری دا تاوتوێکردنی دۆسیەکە بۆ رۆژی 27ـی ئابی 2024 دوابخات.
 
سعود ساعیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کەیسەکەوە رایگەیاند "دادگاییکردنی نوور زوهێر دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی تێوەگلانی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئەمنی و سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان، ئەو بڕە پارەیەشی تاوەکو ئێستا ئاشکراکراوە کەمترە لە راستییەکە."
 
نوور زوهێر تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە"ـیە، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 دوای دەستگیرکردنی، وێنەیەکی لە سۆشیاڵ میدیای عێراق بڵاوکرایەوە.
 
مادەی 331ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، کە بڕیارە نوور زوهێری پێ دادگایی بکرێت، دەڵێت هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، کە بە ئەنقەست سەرپێچی ئەرکەکانی بکات، یان ئامادەنەبوو کارەکانی بکات و مەبەست لێی زیانگەیاندن بوو بە بەرژەوەندیی کەسێک یان بۆ بەرژەوەندیی کەسێک لەدژی کەسێکی دیکە، یان دەوڵەت ئەو کارەبکات، بە زیندانیکردن و پێبژاردن سزا دەدرێت. سزاکەش لە سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ، یان پێبژاردن دەبێت.
 
"دزیی سەدە" لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن.
 
رۆژی یەکی ئابی 2024 دەستەی دەستپاکی ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.