وەزارەتی بازرگانیی عێراق: لە درەنگ ناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرپرس نین
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی گەنمەکانیاندان. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش هەمان کێشەیان هەیە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەکەن پارەکە خەرج بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئابی 2024 حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 80 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانمان ناردووە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت."
لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەکە، حەیدەر گەرعاوی گوتی، "ئێمە لە هۆکاری دواکەوتنی بەرپرس نین. دابینکردنی پارەکە لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراقە. وەزارەتی بازرگانی تەنیا کاری جێبەجێکردن دەکات."
حەیدەر گەرعاوی ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنیا جووتیارانی هەرێمی کوردستان نین کە پارەکەیان دواکەوتووە، بەڵکو هەموو پارێزگاکانی عێراق هەمان کێشەیان هەیە و لە چاوەڕوانی وەزارەتی داراییداین بۆئەوەی پارەکە خەرج بکات."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 80 ملیار دینار لەو پارەیەی بۆ جووتیاران ناردووە.
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا هۆکاری نەناردنی پارەی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان نازانن و تەنیا داوایان لێکراوە لیستی ناوی جووتیاران و بڕی پارەی ماوە بنێرن بۆ بەغدا و ئەوانیش ناردوویانە.