سەرۆکوەزیرانی عێراق: پێویستمان بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش.
 
14ـی ئابى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراق کۆبووەوە کە بەشدارییان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاى نەینەوا لە دەستى چەکدارانى داعش کردبوو. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکی نووسینگەى رۆژنامەڤانییەکەی، لەو کۆبوونەیەدا سوودانى رایگەیاندووە، عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاریی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
 
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەی بەوەشداوە کە هەموو جیهان قەرزدارى  قوربانییەکانى عێراقە لە شەڕى دژی داعش و گوتیشى، "داعش تەنیا عێراقى بەئامانج نەگرت، بەڵکو هەموو جیهانى کردە ئامانج و پیلانگێڕییە گەورەکە دژى وڵاتانی ناوچەکە بوو."
 
حوزەیرانی 2014 چەکدارانى داعش شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد و دواتریش بەشێکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە و ئەنباریان کۆنترۆڵ کرد، بەر لەوەى لە ساڵى 2017، عێراق سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوە پەڕگیرەدا رابگەیێنێت.