ئاگر لە کۆگایەکی پلاستیک لە بەغدا کەوتەوە

14-08-2021
ئاسۆ فیشەگی
 ئاگر لە کۆگایەکی پلاستیک لە ناوچەی وەزیرییە لە بەغدا
ئاگر لە کۆگایەکی پلاستیک لە ناوچەی وەزیرییە لە بەغدا
نیشانەکردن بەغدا ئاگرکەوتنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، ئاگر لە کۆگایەکی پلاستیک لە ناوچەی وەزیرییە لە بەغدا کەوتوەتەوە و لە هەوڵی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی و کوژاندنەوەی بەردەوامن.
 
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 14-8-2021 لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "تیمەکانمان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی رووداوێکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی ماددەی پلاستیکی لە ناوچەی وەزیرییە لە بەغدا؛ بۆ ئەو مەبەستەش بەربەستێکمان بە ئاو لە پێشی ئاگرەکە دروستکردووە بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی بەرەو کۆگاکانی دیکەی ناوچەکە".
 
کەوتنەوەی ئاگرەکەی وەزیرییە لە بەغدا لە کاتێکدایە، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق لەم وەرزەی هاویندا زۆر و دڵتەزێن بوون؛ لە 12ی تەممووزی 2021 دا ئاگر لە بەشێکی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار کەوتەوە. 
 
نەخۆشخانەکە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رووداوەکەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی 60 کەس و برینداربوونی 50 کەسی دیکە.
 
هەروەها لە 24ی مانگی نیسانی 2021 دا رووداوێکی هاوشێوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا کەوتەوە و بەهۆیەوە 82 کەس گیانیان لەدەستدا و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە