لیزا گراندی بۆ رووداو: لە عێراق 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس ئاوارەن

14-08-2017
گۆڤەند مستەفا
لیزا گراندی، رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق
لیزا گراندی، رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق
نیشانەکردن نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرای دەکات لەگەڵ دەستپێکی شەڕی داعش سەدان هەزار کەس عێراقیان جێهێشتووە و دەڵێ، حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەخشندەییەکی گەورەیان پێشاندا لە میوانداریکردنی ئەو هەموو خەڵکە و رۆڵیان بەرز دەنرخێنین.

لیزا گراندی، رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی رەوشی مرۆیی ئاوارەکانی عێراق و ئامانجی ئەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، رایگەیاند: "ئامانجی سەردانەکەم بۆ ئەوەیە بزانم چ پێشکەوتنێک بەدەستهاتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە ناوچەکانیان هەڵاتن".

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی رەوشی مرۆیی لە عێراق، لیزا گراندی، دەڵێت: " گواستنەوەی خەڵکی موسڵ لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە، گواستنەوەی گەورەترین شەپۆلی خەڵکی بووە لە مێژووی مۆدێرندا، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆن زیاتر لە 900 هەزار کەس بە شێوەیەکی سەلامەت توانیان لە موسڵ دەربچن و بگوازرێنەوە بۆ شوێنە سەلامەتەکان، ئەوانیش پێویستیان بە یارمەتییەکی زۆر هەبوو، لەو رووەشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیدەرێکی باش بوون".

رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دەشڵێت: "ئامانجی سەرەکی ئێستای ئێمە یارمەتیدانی ئەو خەڵکەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانیش سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".

سەبارەت بە کۆی گشتی ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق، لیزا گراندی، گوتی: "لەوکاتەوەی داعش دروستبووە، دەتوانین بڵێین ملیۆنەها کەس عێراقیان جێهێشتووە، نزیکەی 2 ملیۆنیش گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ئێستاش 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس هەن ئاوارەن، ئەوان پێویستیان بەوە هەیە بە شێوەیەکی باش یارمەتیان بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، لەوبارەیەوەش دەبێت حکومەتی عێراق رۆڵی ئەرێنی ببینێت، ئێمەش بەڵێن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەدەین بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەر دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ناوچەکانیان".

لیزا گراندی، گوتیشی: "حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەخشندەییەکی گەورەیان پێشاندا لە میوانداریکردنی ئەو هەموو خەڵکەو یارمەتیدانیان، ئێمە وەکو رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، ئەمە شتێکە لە سەرانسەری جیهاندا دەنگیداوەتەوە و بە هەموو شێوەیەکیش پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی شەڕەوە، لیزا گراندی، ئاماژە بەوە دەدات، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی شارۆچەکی شنگالی کردووە و دەڵێ: "بۆم روونبووەوە کە دەبێت کارێکی زۆر بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆژەکان لەوێ دەستپێبکەن و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت، ئەمەش ئەركێکی گەورەیە و لەسەر رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکان و حکومەتەکانە ، شنگال ئاوەدانبکەنەوە".

رێکخەری کاروباری مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ئاماژە بەوەش دەدات "شنگال یەکێکە لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی کاولکارییەکی گەورە بووەتەوە، پێویستە یارمەتییەکی زۆری خەڵک بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و رێگەوبانیان بۆ دابین بکرێت".

سەبارەت بە کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر کەیسی بە جینۆساید ناسانی کوردانی ئێزدی، لیزا گراندی گوتی: "بە جینۆساید ناساندنی تاوانێک ، پێویستی بە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، پێموایە لەوبارەیەوەش بەڵگەی تەواو هەن، دەبێت رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم بەڵگانە لەبەرچاو بگرێت".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە