رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە ئەمڕۆوە بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی ژمارەیەک بانک و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوەوە لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە گەشتیاران بدات، بەڵام بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی بانکی ناوەندیی عێراق، لە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی تەممووزی 2024ـەوە بڕیاری پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارەکە بەپێی بانکەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی "دۆلار بگاتە گەشتیاری راستەقینە."
رووداو سۆراخی بابەتەکەی لە هەردوو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی)ـی کرد، بەڵام رێکارەکە لە هیچیان جێبەجێ ناکرێت.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی نەبوونی لقی ئەو بانکانەی دیاریکراون، ئەو بڕیارە لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێبەجێ نەکراوە."
لە کەرکووکیش بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دۆلار بە گەشتیاران نادرێت، چونکە ئامادەکارییەکان تەواو نەبوون، دوای تەواوبوونیان لە داهاتوودا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت، کار بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکان دەکرێت."
4ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران راگەیاند و داوایشی لە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کرد بڕۆن بۆ ئەوەی دۆلار بە بەهای بانکی ناوەندی وەربگرن، دواتر زانیاریی گەشتیارەکە بۆ سەکۆی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە بانکی ناوەندی بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی دۆلاری نەختینە لەنێو فڕۆکەخانە وەربگرن و لە کاتی گەشتەکەیاندا.
سەفوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە بە رووداوی گوت، "روونە پێویستیی تۆمارکردنی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ پێدانی دۆلار بۆ تۆمارکردنی گەشتیاران کەمبووەتەوە، بە تایبەت کە گەشتیاران لە رێگەی دەروازەکانەوە لە فڕۆکەخانەکان گەشت دەکەن و تۆمارن، بەڵام لە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەوە گرنگە ئاراستەی ئەو گەشتیارە و رووگەکەی رۆڵ دەبینێت."
ئەگەر گەشتیارەکە بچێتە وڵاتێک کە سزای لەسەر بێت، "ئەوا بە دڵنیاییەوە سوودمەند نابێت لە وەرگرتنی دۆلار، بەڵام تۆمارکردن لە سەکۆی ئەلیکترۆنی هێشتا پێویستە بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ دیاریکردنی ژمارەی گەشتیاران و ئەو شوێنانەی بۆیان دەڕۆن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کۆمپانیا و بانکانە لەنێو فڕۆکەخانەکان پارەی پێویستیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بیدەن بە گەشتیاران."
سەبارەت بەو پارانەشی گەشتیار دوای وەرگرتنیان خەرجیان ناکات، گوتی، "هەر گەشتیارێک 3000 دۆلاری پێدەدرێت، دەبێت گەشتیار بەڵێن بدات ئەو پارانەی لە دەرەوەی عێراق خەرجیان ناکات بیانگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی دۆلاری نەختینەیی ئازاد لە بازاڕی ناڕێکخراو دەرنەکەوێتەوە، چونکە رووبەڕووی سزای دیکە دەبینەوە ئەگەر ئەو بابەتە بەردەوام ببێت."
رۆژی دووشەممە، 1-7-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ـی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. دۆلار بەتەنیا لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و Bـی بە گەشتیاران دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ