رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانى میسر هاووڵاتییەکى عێراقی رادەستی حکومەتی عێراق دەکەنەوە کە لەلایەن دادگەوە بەتۆمەتى بەرتیل وەرگرتن بە شەش ساڵ بەندکردن سزادراوە.
داواکراوەکە پێنجشەممە، 13ى حوزەیرانی 2024، رادەستکراوەتەوە. بەگوێرەى دەستەى دەستپاکیى عێراق لەلایەن دادگەیەکى عێراقییەوە سزادراوە.
رادەستکراوەکە ناوی فوئاد موخلیف عەلییە، لە لیستى سوورى داواکراوانى پۆلیسی نێودەوڵەتى (ئینتەرپۆل) بووە، لە میسر دەستگیرکراوە، لەدواى ئەوەى دەستەى داواکاریى گشتیى عێراق بەڵگەنامەکانى تۆمەتبارکردنى بۆ بەرپرسانى میسر ناردووە.
ئەو کەسە بەوە تۆمەتبارکراوە لە دەروازەى نێودەوڵەتى شەلامچە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە سنوورى بەسرە، بەرتیلى وەرگرتووە، ئەو کاتەى لەو دەروازەیە کاری کردووە.
دادگەى تاوانەکانى بەسرە بە "نائامادەبوون" سزاى فوئاد موخلیف عەلى بە شەش ساڵ بەندکردن داوە، لەگەڵ سزایەکى دیکەى پێبژاردن.
ئەوە شەشەم تۆمەتبارى دۆسیەکانى گەندەڵییە کە عێراق لە ئەم ساڵدا لە دەرەوەى وڵاتەوە بیانگەڕێنێتەوە، سێیەم داواکراویشە لە مانگى حوزەیران رادەست بکرێتەوە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە: داواکراوەکانى ئەم ساڵ لە میسر، بێلاڕووس، مالیزیا رادەستکراونەتەوە و تۆمەتبارێکى دیکەش لە تورکیاوە بە رێگەى هەرێمى کوردستان گەڕێندراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ