بەپێی سەرژمێریی ئەزموونی کەمترین تێکڕای ئەندامانی خێزان لە سلێمانیە بە 4 کەس

14-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرژمێریى ئەزموونی لە عێراق دەریخستووە 9%ى خێزانەکان سەرۆکەکەیان ژنە، تێکڕای ناوەندى ئەندامانى هەر خێزانێک شەش کەسە، پارێزگای سلێمانى لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەمترین ئەندامی خێزانی هەیە، کە چوار ئەندامە بۆ هەر خێزانێک.
 
بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق کە بۆ تۆڕى میدیایی رووداو نێردراوە، لە ماوەى ئەو 14 رۆژەى سەرژمێریى ئەزموونى کراوە زیاتر لە هەزار ژمێرکار لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەشدارییان کردووە و لە 86 ناوچە ئەو سەرژمێرییە کراوە، 41 یان لە شار و 45 یان لە گوندەکان بوون. 
 
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە رووداوی گوت: "بەگوێرەى ئامارەکانى سەرژمێریی ئەزموونى تێکڕای ناوەندى ئەندامانى هەر خێزانێک شەش کەس بووە، پارێزگاى سلێمانى کەمترین تێکڕای تێدا تۆمارکراوە، کە چوار ئەندام بووە بۆ هەر خێزانێک." 
 
ژمێرکارانى سەرژمێرى ئەزموونى بەسەر 503 بلۆکدا دابەشکراون، هەر بلۆکێک 100 باڵەخانە بوون، بە تێکڕا 65 هەزار و 390 باڵەخانەیان بەرکەوتووە. عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەو خانوو و باڵەخانانەی سەرژمێرکاران تۆماریان کردوون، 71%ى خێزانەکان خانوویان بە ناو بووە، 17%یان کرێچى بوون."      
 
سەرژمێرییەکە لە 31ى ئایار دەستیپێکرد و 13ى حویزەران کۆتایی هات، ئەو هەنگاوە بۆ ئامادەکاریى سەرژمێریى گشتى دانیشتووانە لە 20ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ. 
   
عەبدولزەهرە هنداوى رایگەیاند: "کۆکردنەوەى زانیاریى لە هەر خێزانێک سێ رۆژى خایاندووە، سەردانى 45 هەزار و 277 خێزان کراوە. 91٪ی خێزانەکان سەرۆکەکەیان پیاو بووە، 9٪یشیان سەرۆکەکەیان ژن بووە. ژمارەى رەگەزى نێر 136 هەزار و 599 کەس بوون، 50.1%ى ئەو خێزانانەیان پێکهێناوە کە سەرژمێرییە ئەزموونییەکە گرتوونیەتیەوە، ژمارەى رەگەزى مێ 136 هەزار کەس بوون کە 49.9%ى ئەو خێزانانەیان پێکهێناوە."
 
لە 15ى تەممووز تاوەکو 15ى ئەیلوول گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستپێدەکات، کە یەکەم هەنگاوى کرداریی سەرژمێریى گشتییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە