رووداو - هەولێر
کۆمپانیاى نیشتیمانیى گەشتە ئاسمانییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، گەشتەکانى بە ئاسمانى عێراقدا دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی حەوت ساڵ لەمەوبەر بە هۆی "مەترسییە ئەمنییەکان" ئەو گەشتانە راگیرابوون.
حوسێن جەلیل، گوتەبێژى کۆمپانیاى هێڵە ئاسمانییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کۆمپانیاى نیشتیمانیى گەشتە ئاسمانییەکانى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەستەى گەشتە ئاسمانییەکانى عێراقى ئاگادار کردووەتەوە لە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى بە ئاسمانى عێراقدا لەپاش چەندین ساڵ لە راگرتنى."
گوتەبێژى کۆمپانیاى هێڵە ئاسمانییەکانى عێراق ئاشکرایکرد، ئەو گەشتانەى کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە کاتى شەڕى داعش و بە هۆکارى مەترسیی ئەمنى راگیرابوون، تاوەکو 13ـى حوزەیران ئاگاداریان کردوونەتەوە کە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
دەستپێکردنەوەى ئەو گەشتانەى کۆمپانیاى نیشتیمانیى گەشتە ئاسمانییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە پاش مانگێک دێت لەهەمان هەنگاو کە کۆمپانیاى بریتش "ئێرلاین"ـى بەریتانی ناى کە پێشتر بەهەمان هۆکار گەشتەکانى بەئاسمانى عێراقدا راگرتبوو.
بەگوتەى حسێن جەلیل، ئێستا ئاسمانى عێراق لەنێو وڵاتانى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست زۆرترین فڕۆکەى پێدا تێپەڕدەبێت.
ئەو گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە ماوەى حەوت ساڵە گەشتى فڕۆکەکانى هێڵى ئاسمانیى عێراقى بۆ گەشتکردن بە ئاسمانى ئەوروپادا راگیراوە.
4ـى ئایارى 2022، بەرپرسانى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیى عێراق لە رێگەى ئۆنلاینەوە لەگەڵ نوێنەرانى کۆمیسیۆنى ئەوروپا بۆ گواستنەوە و گەیاندن و ئاژانسى سەلامەتى فڕۆکەوانیى ئەوروپا (EASA) کۆبوونەوە بۆ لادانى ئەو رێگرییەى کە لە دژى فڕینى فڕۆکەکانى هیڵى ئاسمانى عێراق هەیە لە ئاسمانى ئەوروپادا.
لە لێدوانێکى پێشویدا بۆ رووداو، جیهاد دیوان، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنیى عێراقى راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى ئەو پرسەوە کراوە و چەند دۆسیەیەکى گرنگ تاوتوێکران، بڕیارە بەمنزیکانە کۆمیسیۆنى ئەوروپا بۆ گواستنەوە و گەیاندن کۆببێتەوە و بڕیارە لە چارەنووسی ئەو بڕیارەی قەدەخەکردنە بدات".
لە ساڵى 2015 کۆمیسیۆنى ئەوروپا بۆ گواستنەوە و گەیاندن گەشتى فڕۆکەکانى سەر بە هێڵى ئاسمانیى عێراقى بەسەر ئاسمانی وڵاتانى ئەو کیشوەرە راگرت، بەهۆى ئەوەى هێڵى فڕۆکەوانیى عێراقى بەڵگەنامە پێویستەکانى لەبارەى رێکارەکانى سەلامەتى لەنێو فڕۆکەکاندا رادەستى لایەنە پەیوەندارەکانى سەلامەتى فڕۆکەوانیى ئەوروپا نەکردووە.
بۆ لابردنى قەدەخەى فڕینى فڕۆکەکانى هێڵى ئاسمانیی عێراق بە ئاسمانى ئەوروپادا، پێویستە کۆمپانیاى هێڵە ئاسمانییەکانى عێراق مۆڵەت لە رێکخراوى کارپێکەریى وڵاتى سێیەم (TCO) وەربگرێت، بەوپێیە پێویستە هەر فڕۆکەیەکى هێڵى ئاسمانیى عێراقى بەر لە نیشتنەوە لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانى وڵاتانى ئەوروپا، لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکان کە بۆى دیاریدەکرێت، بنیشێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى نێو فڕۆکەکە، بەر لە گەیشتن بەو فڕۆکەخانەیەى کە مەبەستێتى گەشتى بۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ