دادگەی فیدراڵی وادەی تاوتوێکردنی سکاڵاکەی مەسرور بارزانیی دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵی هەفتەی داهاتووی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکرد، کە لە دژی سیستەمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکانەوە، هەفتەی رابردوو تۆماریکردبوو.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیاری رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، 19ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتن بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمارکراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە نادەستووری بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
مەسرور بارزانی، کە رۆژی 6ـی ئایاری 2024، سکاڵاکەی تۆمار کردووە، داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
لە مادە دووی ئەو سیستەمە هاتووە:
یەکەم: هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
دووەم: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4-پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت لەو سیستەمەدا "پێشێلکاریی دەستووری" هەیە، جگە لەوەی بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان پشت بە ژمارەی دەنگدەران نەوەک ژمارەی دانیشتووان بەستراوە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە نەهێشتنی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان دژی چەندین بڕگەی دەستوورییە.
دوای ئەو سکاڵایە رۆژی دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، سێ سکاڵای دیکە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کریستیان و پارێزەرێکەوە لە دژی نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان و کریستیانەکەوە تۆمارکران.
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.