وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت کۆتاییهێنانی یونامی بە قۆناخبەندیی رێک و بەرپرسیارانە بێت

14-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەرکی یونامی لە عێراق بەشێوەیەکی قۆناخبەندی رێک و بەرپرسیارانە کۆتایی پێبهێندرێت.
 
رۆژی دووشەممە (13ـی ئایاری 2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن راگەیاند "یونامی نەک تەنیا بۆ دابینکردنی یارمەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکان، بەڵکو ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆی هەرێمایەتیش کردووە، هەروەها دڵنیایی داوە لە گەیاندنی گونجاوی هاوکارییە مرۆییەکان و پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارە عێراقییەکان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی یۆنامی گوتی "ئێمە، لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوکارانمان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی بەشێوەی قۆناخبەندی رێک و بەرپرسیارانە، کە نەک تەنیا پێداویستییەکانی گەلی عێراق، بەڵکو بەردەوامی دەدات بە پێشکەوتنەکان بەرەو چارەسەری کۆتایی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و کوێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق لە نامەیەکی کە بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو کۆتایی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.
 
داواش لە ئەنجوومەنى ئاسایش دەکات بڕیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى یونامى دەربکات لەسەر بنەماى ئەو وادەیەى بەغدا دیاریکردووە.
 
ئەو داواکارییەى عێراق لە نامەیەکدا بووە کە لە 8ـی نیسانى ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانى نارد.
 
نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکى نێردەکە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە. 
 
حکومەتى عێراق لە نامەکەدا داوایکردووە تاوەکو 31ـی کانوونى یەکەمى 2025، ئەرکى یونامى بە شێوەى "یەکجاری" کۆتایی پێبهێندرێت. ئەو داوایەى بەستووەتەوە بە مافى سەروەریى عێراق وەک وڵاتى میواندار.
 
بەگوێرەى نامەکە، بۆ دیاریکردنى ئەو ماوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى یونامى، قەبارەى نێردەکە و ژمارەى فەرمانبەرەکانى لەبەرچاو گرتووە، کە پێویستى بە کات هەیە بۆ یەکلاکردنەوەى کارەکانى و گواستنەوەى دۆسیەکانى بۆ دامەزراوەکانى عێراق و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان.
 
حکومەتى عێراق داوایکردووە ئەمساڵ هەوڵەکانى یونامى "بە تەنیا" بۆ تەواوکردنى کارەکانى بێت لە دۆسییەکانى چاکسازى ئابوورى، پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى، بوژاندنەوەى بەردەوام، گۆڕانى کەشوهەوا و لایەنەکانى دیکەى بووژاندنەوە.
 
بەگوێرەى داواکە، لە ساڵى 2025 کار لەسەر جێبەجێکردنى رێکارەکانى پەیوەندیدار بە داخستنێکى "بەرپرسانە"ـی یونامى بکرێت.
 
لە نامەکەدا هاتووە حکومەتى عێراق خواستى بەرزکردنەوەى ئاستى هاریکارى لەگەڵ رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان و ئاژانسەکانى هەیە، وەک هاوبەشى بنەڕەتى لە هێنانەکایەى بووژاندنەوە و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییە ئابوورى و ژینگەییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا. 
 
حکومەتی عێراق ئامادەیی نیشانداوە شاندێک بنێرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێککەوتن لەبارەى میکانیزمى داخستنى یونامى.
 
لە ساڵى 2023 عێراق لە رێگەى وەزیرى دەرەوە داوایکرد کارى یۆنامى لە عێراق تاوەکو مانگى ئایارى 2024 درێژ بکرێتەوە، تیمێک بۆ پێداچوونەوەى ستراتیژى پێکھێندراوە بۆ پێداوچوونەوە پەیوەندى نێوان عێراق و یۆنامى. 
 
لە نامەکەدا هاتووە، "بەداخەوە راپۆرتەکە جیاوازیی نەکردووە لەنێوان تێڕوانینى حکومەتى عێراق، وەک نوێنەرى وڵاتى میواندار لەگەڵ تێڕوانیى لایەنى نافەرمى کە نوێنەرایێتیی بۆچوونى خۆیان دەکەن."  
 
نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عێراق (یونامی) نێرده‌یه‌كی سیاسییه‌ و له‌ ساڵی 2003 به‌ بڕیاری 1500ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر داوای عێراق دامه‌زراوه‌، له‌وكاته‌شه‌وه‌ له‌كاردایه‌ و دواییش له‌ ساڵی 2007 رۆڵەکەی به‌گوێره‌ی بڕیاری 1710 فراوان كرا.  
 
یونامی ئه‌ركی راوێژپێدان و هاوكاریكردنی حكومه‌تی عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ چه‌ندین بوار پێسپێردراوه‌. ئه‌مه‌ش ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی و گفتوگۆی سیاسی گشتگر و پێشكه‌وتوو ده‌گرێته‌وه،‌ له‌گه‌ڵ هاوكاریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ره‌و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری نیشتمانی و ئاسانكاریكردن بۆ گفتوگۆی هه‌رێمی له‌نێوان عێراق و دراوسێكانیدا و، گه‌شه‌دان به‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و چاكسازی یاسایی و دادی.  
 
نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بەڕێوەبەری یونامییە، ئه‌ویش له‌لایه‌ن دوو جێگر هاوكاریی ده‌كرێت، یه‌كێكیان بۆ چاودێریكردنی كاروباری سیاسی و مافی مرۆڤ، ئه‌وی دیکەشیان بۆ كاروباری مرۆیی و گه‌شه‌پێدان، له‌هه‌مانكاتدا كاری هه‌ماهه‌نگسازیی نشینگه‌ و مرۆییش له‌ عێراق جێبه‌جێ ده‌كات. 
 
نێرده‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌شی كاروباری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ئیداره‌ده‌درێت، له‌لایه‌ن ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئاشتیپارێزی و به‌شی هاوكاریی مه‌یدانیشه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت.
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە