کۆمیسیۆن هەڵوەشاندنەوەی پارتێکی کریستیانەکانی پەسندکرد

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئەبناء نەهرێنی پەسندکرد و سەرجەم سامانەکانی گەڕاندەوە بۆ پارتی بزووتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بڕیارێکدا هەڵوەشاندنەوەی پارتی "ئەبناء نەهرێن"ـی کریستیانەکان و راگرتنی سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی پەسندکرد. ئەمەش دوای کۆنگرەی نائاسایی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە.
 
لە 22ـی ئاداری ئەمساڵ، حیزبەکە کۆنگرەیەکی نائاسایی بەناوی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی حیزب لە دهۆک بەست. 
 
یەعقووب گۆرگیس، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو بەڕێزانەی پارتی ئەبناء نەهرێن، پێشتر لەنێو پارتەکەی ئێمەدا بوون، دوای جیابوونەوەیان ئەو پارتەیان دامەزراند، ئێستا گەڕانەوە و بڕیاریاندا حیزبەکەیان هەڵبوەشێننەوە و لەنێو بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری درێژە بە خەباتیان بدەن."
 
پارتی ئەبناء نەهرێن، پارتێکی کریستیانەکان بوو. بارەگای سەرەکیی لە هەرێمی کوردستان بوو، دوای جیابوونەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری ناسراو بە (زوعا) لە ساڵی 2013 دامەزرابوو.