موقتەدا سەدر تۆمارێکى دەنگیى بڵاوکردەوە؛ "من محەممەدی مەهدی نیم"

رووداو دیجیتاڵ

رێبەرى رەوتى سەدر تۆمارێکى دەنگى بڵاوکردەوە و تێیدا خۆى بەریکرد لەو کەسانەى کە بانگەشەى ئەوەیان بۆ کردووە ئیمامى مەهدییە و بڕیاریدا مەزارى باوکى دابخات و رێوڕەسمی ماتەمینى یادی کوژرانى نەکردێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـى ئایارى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر تۆمارێکى دەنگیى لە تویتەر بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەدا، ئەو لەو کەسانە نییە چاکەى دڵسۆزان و خۆشەویستان و گوێڕایەڵانى پشتگوێ بخات، خۆشى بە خزمەتکاریان ناو دەبات، بەڵام دەیەوێت لە رۆژگارێکى "خراپ" بەدووریان بگرێت.
 
موقتەدا سەدر گوتى: "دەمەوێت خۆم و لایەنگرانم بەرى بکەم لە هەڵسوکەوتى خراپەکاران کە خاوەنى بیروباوەڕى لادەرن، ئەوانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن کە من ئیمامی مەهدیم، ئەوە قسەیەکى مەترسیدار و درۆیە، من نە بانگەشەم بۆ ئەوە کردووە نە بۆشم هەیە ئەوە بکەم، یان هەرکەسێکى دیکە ئەو بانگەشەیەم بۆ بکات".
 
رۆژی 14ى نیسانى 2023 موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بانگەشەى گرووپى "ئەهلى قەزیە" کە گرووپێکى نزیکی رەوتى سەدرن و بانگەشەى ئەوەیان کرد، هاوکات لەگەڵ خەڵوەتگرتن لە مزگەوتى کوفە بە بڕیارى موقتەدا سەدر، ئیمامى مەهدیی شیعەکان دەردەکەوێت کە 12هەمین ئیمامی شیعەکانە، کە مەبەستیان موقتەدا سەدر بوو.
 
سەرۆکى رەوتى سەدر گوتى: "باشترین سزا بۆ ئەو گرووپە دووڕووە و پاڵپشتیکارانیان و میلیشیا قێزەونەکان کە ئامانج لێى تێکدانى یادى شەهیدکردنى  محەممەد سادق  سەدرە"
 
محەممەد سادق سەدر، باوکى موقتەدا سەدر لەگەڵ دوو کوڕیدا لە 19ى شوباتى 1999 لە شارى نەجەف کوژران و بەرپرسیانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس تۆمەتباردەکرێن بە کوشتنیان، بەگوێرەى مانگى کۆچى، یادەکە بۆ ئەمساڵ دەکەوێتە 24ى ئایار.
 
موقتەدا سەدر گوتى: "وەک ئەمیندارى گشتیى مەرقەدى شەریف، سەرجەم رێوشوێنەکانى ماتەمینى نەجەف بۆ ئەمساڵ رادەگرم و بۆ ماوەى پێنج رۆژ مەزارەکە دادەخەم، کەس بۆ زیارەتکردن نەیەت بۆ نەجەف".
 
 لە دواى 14ى نیسانەوە، ئەمە یەکەمجارە موقتەدا سەدر تویتەرەکەى بەکاربهێنێت. سەدر دەڵێت: "پێم باش بوو ئەمجارە تۆمارەکە دەنگى بێت نەک ڤیدیۆیی، بۆ ئەوەى پەیامەکە رەوانتر بێت."