بەرپرسێکى پێشووى عێراق لە لوبنان دەستگیرکرا

14-05-2023
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرێکى پێشووى وەزارەتى پیشەسازى و کانزاکانى عێراق لە لوبنان دەستگیرکراوە، کە دادگە لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بە غیابى سزاى داوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 14ى ئایارى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى پیشەسازیى عێراقى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لوبنان راگەیاندووە، کە بەر لەهەڵهاتنى بەڕێوەبەرى پەیمانگەى تایبەتمەندى پیشەسازیی ئەندازیارى بووە لە وەزارەتى پیشەسازیى و کانزاکانى عێراق.
 
ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى پیشەسازیى و کانزاکانى عێراق فەرمانى نێودەوڵەتیی دەستگیرکردنى هەبووە، ئەویش لەچوارچێوەى دۆسیەى گەڕاندنەوەى تۆمەتبارانى گەندەڵى لە دەستەى دەستپاکیى عێراق.
 
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکى ئەو بەرپرسەى پێشووى عێراق بە نائامادەبوون بەپێی مادەى 331ى لە یاساى سزادانى عێراق سزادراوە، کە تایبەتە بە قۆستنەوەى ئەرکى فەرمى بۆ بەرژەوەندیى کەسی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى.
 
بەپێی دەستەی دەستپاکی ئەو بەرپرسە لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکە سەرپێچییان کردووە لە گرێبەستى دابینکردنى ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاى کەربەلا، بەبێ رەزامەندى وەزارەتى پیشەسازیى و کانزاکان و بەبێ راگەیاندنى کەمکردنەوەى ئاشکرا بۆ ئەو گرێبەستانە، ئەوە جگە لە لێخوشبوونى گومرگى ئەو ئۆتۆمبێلانە، هەرچەندە لە کۆمپانیایەکى ئەهلى کڕدراون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە