دەروازە سنوورییەکانی عێراق: لە 6 مانگدا دەستمان بەسەر نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری قاچاخدا گرتووە


رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا دەستیان بەسەر نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاردا گرتووە کە پلانەکە بەو جۆرە بووە بە قاچاخ ببردرێتە دەرەوە. 
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 11 کەس لە دەروازە سنوورییەکان گەڕێندراونەتەوە و 81 داواکراویش دەستگیرکراون؛ هەر لەو ماوەیەدا سەروو 8.5 ملیار تمەنی ئێرانی دەستی بەسەرداگیراوە کە پلانەکە بەو جۆرە بووە بە قاچاخ ببردرێتە دەرەوەی عێراق.
 
عەلادین قەیسی دەڵێت، 763 کۆنووسی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو فەرمانگانە کردووە کە لە دەروازە سنوورییەکان کار دەکات و 441 سکاڵای گومرگی رەوانەی دادگە کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 3.993.010 حەبی هۆشبەر و 12.471 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە. 
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند، 2280 ماستەر کارد، 449580 دۆلار و 172.890.000 دیناریش دەستیان بەسەردا گیراوە کە پلانەکە بەو جۆرە بووە ببردرێنە دەرەوە؛ لە هەمان کاتیشدا 49.975.000 دیناری ساختە دەستی بەسەرداگیراوە کە پلان هەبووە بهێنرێتە نێو عێراق.