سەرۆککۆماری عێراق بانگهێشتنامەیەکی لە شای سعودیە پێگەیشت

14-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای شانشینی سعودیە پێگەیشت، بۆ ئامادەبوون لە لووتکەی 32ـەمینی دانیشتنی ئاسایی عەرەبی، کە لە شاری جەددە بەڕێوەدەچێت.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-5-2023 لە کۆشکی بەغدا، عەبدولعەزیز شەممەڕی، باڵیۆزی شانشینی سعودیە لە عێراق بانگهێشتنامەکەی رادەستی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد.  هەروەها سڵاوی شا سەلمانی گەیاندە سەرۆککۆمار و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق خواست. سەرۆککۆماریش سڵاو و رێزی بۆ شاسەلمان و جێنشینی پادشا نارد و سوپاسیشی کرد بۆ بانگهێشتەکەی و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ گەلی سعودیە خواست.

بڕیارە رۆژی 19ی ئەم مانگە، لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جەددەی شانشینی سعودیە بەڕێوەبچێت.

سەرۆککۆماری عێراق جەختی لە گرنگیی بەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی لەو کاتەدا کردەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین پرسی گرنگ و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان و باشترکردنی هاوکاریی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا. هەروەها هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چۆنیەتی بەهێزکردنیان کرد، بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و وڵات. 

لوتکەی ئەمجارەی کۆمکاری عەرەبی جێی سەرنجە، بەو پێیەی دوای 12 ساڵ سووریا بۆ لووتکەکە بانگهێشتکراوە.

رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، سەرۆکایەتیی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە "بانگهێشتنامەیەکی لە شا سەلمانی پاشای سعودیە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی پێگەیشتووە، کە بڕیارە لە 19-5-2023 لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەبچێت."

لە ساڵی 2011ـەوە، لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا و لەسەر بنەمای "رەفتاری تووند"ی هێزە ئەمنییەکان دژ بە خۆپێشاندەران، کۆمکاری عەرەبی بڕياری هەڵپەساردنی ئەندامێتی سووریای دا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە