خێزانێکی هەژار لە موسڵ: نایلۆن و قوتوو کۆدەکەینەوە و پێی دەژین


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی سەماح لە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ، خێزانێکی هەژار و کەمدەرامەت لەنێو خانوویەکی کەلاوەدا دەژین، خالیدە هەشت منداڵی هەیە و هاوژینەکەی لە کاتی شەڕی داعش گیانی لەدەستداوە و دەڵێت، "نایلۆن و قوتوو کۆدەکەینەوە و پێی دەژین."

  

ئەو خێزانە لە دۆخێکی سەختدا دەژین و بە ئەستەم بژێویی رۆژانەیان پەیدا دەکەن، گلەیی لە دۆخی خراپی ژیانیان دەکەن و دەڵێن، "خواردنی ئەمڕۆیان تەنیا مەنجەڵێکی نیسک بووە". خالیدە حەسەن، کابانی ماڵ بە رووداوی گوت، "من ئەوان بەخێو دەکەم، نایلۆن و قوتوو کۆدەکەینەوە و بژێوی خۆمانی پێ دابین دەکەین، ئەم کوڕەم لاڵە و ئەوانی بچووکتریش دەچنە قوتابخانە، ئەم کچەشم لە ماڵ دانیشتووە. ئەمە دۆخی ژیانمانە و کاتێک باران دەبارێت ماڵمان دڵۆپە دەکات."
 
کوڕی گەورەی ئەو خێزانە تەمەنی 17 ساڵە و توانای قسەکردنی نییە، براکەشی کە لەو بچووکترە، قوتابخانەی جێهێشتووە بۆ ئەوەی بژێویی خوشک و براکانی دیکەی دابین بکات.
 
ئەحمەد عەباس، کرێکارە و باسی لەوە کرد، "لەو کاتەی داعش هاتنە ئێرە، منیش تەمەنم گەورە بوو و خوێندنم جێهێشت، من کرێکاری دەکەم و لەگەڵ وەستایەکی سپیکاریی کار دەکەم، رۆژانە 10 تاوەکو 15 هەزار و هەندێکجاریش هەفتانە پارەم دەداتێ."
 
زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە بازاڕی یونس پێغەمبەر لە موسڵ کاردەکەن، بێ باوکن و داهاتی ماڵەوەیان لەسەر ئەوانە. لەو بازاڕە نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو گەنج و بە تەمەنەکانیش بەهۆی نەبوونیی و هەژارییەوە، هەر کارێک هەبێت بە ناچارییەوە دەیکەن.
 
ئەیمەن رەعد، کرێکارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوە چوار ساڵە لێرە کۆڵبەری دەکەم، رۆژانەم لەنێوان هەشت بۆ 10 هەزارە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەرسێ پارێزگای ئەنبار، سەلاحەددین و نەینەوا رێژەی هەژاری تێیاندا لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیاترە، هەر بەگوێرەی ئامارەکە، تەنیا لە پارێزگای نەینەوا ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە هەشت ساڵ کەمترە، ژمارەیان 197 هەزار منداڵە.