رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى نەینەوا واژۆ لەسەر دەستبەکاربوونى سێ بەڕێوەبەرى ناحیە ناکات، ئەوەش بە پاساوى ئەوەى کێشەى یاساییان هەیە. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت، "پارێزگار ناوەکانمان بۆ دەنێرێتەوە تاوەکو کەسانى دیکە لە جێگەیان بەربژێر بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت."
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو 16 گۆڕانکارییە کارگێڕیەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر داون، پارێزگار تێبینیى یاسایی لەسەر سێیان هەیە، کە گوایە خزمەتى پێویستیان نییە بۆئەوەى ئەو پۆستانە وەربگرن و واژۆی فەرمانى دەستبەکاربوونیان ناکات.
بەگوێرەى یاساى پارێزگانى عێراق، دەبێت خزمەتى بەڕێوەبەرى ناحیە و قایمقام لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت، بۆئەوەى ئەو پۆستە وەربگرێت.
محەممەد کاکەیی گوتى، "پارێزگار تێبینى لەسەر بەڕێوەبەرانى ناحیەى باشیک و عەیازییە و شیمال هەیە، بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا بە نووسراوی فەرمى ناوەکانیان بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا بنێرێت، بۆئەوەى کەسى دیکە لە جێگەیان بەربژێر بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت."
9ی نیسانى 2025 عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا فەرمانى دەستبەکاربوونى بۆ سەرۆکى 7 یەکەى کارگێڕیى پارێزگاکە دەرکرد، لە کۆى ئەو 20 یەکە کارگێڕییەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە 1ى تەممووزى 2024، دەنگى پێدا، ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا گوتى، "ئەو گۆڕانکارییانەى دیکەش لە چەند رۆژى داهاتوودا لەلایەن پارێزگارەوە پەسند دەکرێن."
هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى ئەو کۆبوونەوەیان کرد، کە تێیدا ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگى لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە دا و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە، ئەوەش هۆکارى دواکەوتنى واژۆکردنى بوو لەلایەن پارێزگارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ