پەرلەمانتارێکی عێراق: درۆن و مانگی دەستکرد بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەکاردەهێندرێت

14-04-2025
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، قسە لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆن، هێزە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمان کراوە تاوەکو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئامادەبن و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت. لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیشەوە دەڵێت، "دەیان گۆڕی ئەنفال نەدۆزراونەتەوە و حکومەتی عێراق مانگی دەستکرد و درۆن بۆ دۆزینەوەیان بەکاردەهێنێت."
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردایە. چەند جارێکی دیکە پڕۆژەکە خراوەتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بە بیانوو و هۆکاری جیاواز دواخراوە.
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "مارانگەستەی بەڵێنی پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانیانین. هەندێک جار دواخستنەکان بە ئاراستەکردنی سیاسییە و لەژێرەوە داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکرێت ئامادە نەبن تاوەکو پڕۆژەیاساکە تێنەپەڕێت، بەڵام بەهۆی دیوە مرۆییەکەی، ناتوانن بە ئاشکرای رایبگەیێنن کە دەنگی پێنادەن و دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەن."
 
کاروان یاروەیس دەڵێت، "هیچ پەرلەمانتارێک بە ئاشکرا دژایەتیی پڕۆژەیاساکەی نەکردووە، بەڵام هەندێکیان شۆڤێنیانە بیردەکەنەوە و پێیان قبووڵکراو نییە پڕۆژەیاسایەک بۆ کورد تێپەڕێن یان لانیکەم بۆیان قورسە بێ بەرامبەر پڕۆژەیاسایەک دەربچێت بۆ کورد. ئێمە بە هەموویانمان راگەیاندووە، قبووڵی ناکەین هاوشێوەی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک، مامەڵە لەگەڵ پرسی هەڵەبجە بکرێت و نابێت هیچ بابەتێکی دیکە بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە ببەسترێتەوە."
 
وەکو ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق بۆ رووداو باسی دەکات، "بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، قسە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان کراوە، بەڵێنیان داوە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بن و دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن، هیچ رێگرییەک و بیانووێک نییە بۆ دواخستنی زیاتری و پڕۆژەیاساکە هەموو قۆناخەکانی بڕیوە."
 
ئەمڕۆ 14ی نیسان ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردە لەسەر دەستی رژێمی بەعس. تاوەکو ئێستا ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و رووفاتەکانیان گەڕێنراونەتەوە، بەڵام وەک کاروان یاروەیس گوتی، "دەیان گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ ماون." روونیشیکردەوە، "ئێستا یەک دوو گۆڕ کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانی دیکە حکومەتی عێراق مانگی دەستکرد و درۆن بەکاردەهێنێت."
 
کاروان یاروەیس گوتیشی، "حکومەتی عێراق دواکەوتووە لە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد. هۆکارەکەش ئەوەیە دامەزراوەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەک تیمی هەیە و ئەوانیش لەبەر تەمەن و هیلاکی، فریا ناکەون چەند گۆڕێک هەڵبدەنەوە و کاریان تێدا بکەن؛ بۆیە داوامان کردووە تیمی دیکە دابنرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سوودانی و فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەڵەوڵەتیی دژی داعش

سوودانی: پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.