رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر تاوەکو "کاتێکى نادیار" هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر داخست. بەر لەوە لە تویتێکدا نووسی: "چاکسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتى سەدر چاکبکەم، ئەوە تاوانە." هەروەها سڕکردنى رەوتەکەى بۆ ماوەى ساڵێک راگەیاند.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 14ى نیسانى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر داخست و نووسى: "تاوەکو کاتێکى نادیار داخراوە."
کاژێرێک بەر لەداخستنى هەژماری تویتەرەکەى، سەدر تویتێکى کرد و تێیدا سڕکردنى سەرجەم چالاکییەکانی رەوتى سەدرى بۆ ماوەى ساڵێک راگەیاند، جگە لە نوێژى هەینى و دوو دامەزراوەى ئایینى رەوتەکەى. هاوکات مەزارى محەممەد سادق سەدرى باوکى تاوەکو دواى جەژنى رەمەزان داخست. سەدر دەڵێت، ئەو بڕیارە لە کاتی دەرچوونییەوە "دەستبەجێ جێبەجێبکرێت."
موقتەدا سەدر دەشڵێت، ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتیى رەوتى سەدر و "ئەهلى قەزیە" و "خراپەکار" و "تاوانکار"ى تێدابێت، ئەوە دژە بە یەکە و دەڵێت: "چاکسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتى سەدر چاکبکەم، ئەوە تاوانە."
بەر لەو هەنگاوانە، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر لە تویتێکدا گوتی: "خەڵوەت لە مزگەوتى کوفە هەڵوەشێندرایەوە، بەهۆى مامەڵەى خراپەکار و ئەوانەى ناوى خۆیان ناوە ئەهلى قەزیە."
"ئەهلى قەزیە" گرووپێکى نزیک لە رەوتى سەدرن و بانگەشەى ئەوەیان کردووە کە هاوکات لەگەڵ خەڵوەتگرتن لە مزگەوتى کوفە بە بڕیارى موقتەدا سەدر، ئیمامى مەهدى شیعەکان دەردەکەوێت کە 12هەمین ئیمامی شیعەکانە، کە مەبەستیان موقتەدا سەدرە.
موقتەدا سەدر لە 15ى حوزەیرانى 2022 کشانەوەى لە پرۆسەى سیاسیی عێراق راگەیاند، دواى ئەوە 73 ئەندامى فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ