رووداو دیجیتاڵ
هەر یەکە لە حیزبەکانی زەحمەتکێشان، شیوعی، بزووتنەوەی ئیسلامی، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە ئەنجامبدرێت. ئەوان بە پێویستی نازانن ئێستا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. لەلایەکی دیکەش یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی ئەنجامبدرێت.
حیزبی زەحمەتکێشان
حیزبی زەحمەتكێشان، وەک سەرجەم حیزبەکانی دیکە رایگەیاندووە کە دەیەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بە "بەشێک لە دیموکراسی" نێو دەبەن.
لە بارەی داواکاری ئەو لایەنانەی باسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن، سەعد خالید، جێگری سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە ئەو لایەنانەی لە پەرلەمانن، نازانین بە مەبەست، یاخود بێ مەبەست زۆر درەنگ هاتوون و قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، چونکە کاتەکە تەنیا نزیکەی شەش مانگێکی ماوە."
لەبارەی بۆچوونی حیزبی زەحمەتکێشان گوتی، " لەبەرئەوەی کاتێکی کەم ماوە، ئێمە پێمان وایە یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی بمێنێتەوە باشە، تەنانەت کۆمیسیۆنی نوێش نابێت بکەوێتە سەر حسابی کاتی هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن هەر لە کاتی خۆی بکرێت باشە."
جێگری سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشان لەبارەی کۆمیسیۆنەوە گوتی، "ئێمە کۆمیسیۆنێکی بێلایەنمان دەوێت، دوور بێت لە هەژموونی حیزب و نوێنەری حیزبەکان، ناکرێت هەر چوار ساڵ جارێک هەر حیزبێک ریزبەندی لە پەرلەمان گۆڕا، بێن و بە گوێرەی باڵای خۆیان کۆمیسیۆن دروست بکەن."
یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ، بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە قازانجی پارتی بەکارهاتووە و تێبینیان هەم لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێکهاتەکان هەیە و هەم ژمارەیان.
سەعد خالید، جێگری سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بە رای حیزبەکەی لە بارەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان گوتی، "یەکێک لە خاڵە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو ئەوەیە، کە هەڵوێستی بەرامبەر پێکهاتەکان هەبووە و تائاستێکی زۆر توانیومانە بە گوێرەی یاسا مافەکانیان دەستەبەر بکەین، کە ئەوە خاڵێکی گەشە. دەبێت بزانین خۆیان چی بە باش دەزانن بڕیاری لێبدەن، بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن."
دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار بازنە گرفتێکی دیکەیە، کە بۆچوونی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیاکردووەتەوە، پارتی پێ وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی ناوچەگەریی تۆخ دەکاتەوە و رێگر دەبێت لە گەیشتنی حیزبە بچووکەکان بە پەرلەمانی کوردستان، پێنج فراکسیۆنەکەی دیکە هەڵبژاردن بە شێوەی فرەبازنەیی بە باشتر دەزانن.
جێگری سکرتێری زەحمەتکێشان لەگەڵ ئەوەی پێی وایە یەک بازنەیی و فرەبازنەیی لایەنی ئەرێنی و نەرێنییان هەیە، بەڵام دەشڵێت "بە بڕوای ئێمە یەک بازنەیی دەرفەت دەدات بەو حزبانەی بچووکن زیاتر چانسی ئەوەیان هەبێت بگەنە پەرلەمان، چونکە ئەوکات دەنگەکانیان پەرت نابێت، بۆیە پێمان باشە بۆ ئەم قۆناغەش یاسایەکە کاری پێ بکرێت و هیچ گرفتێکی تێدا نییە."
حیزبی زەحمەتکێشان، دواى جیابوونەوەیان لە حیزبى سۆسیالیستی کوردستان لە 12-12-1985 دامەزراوە، تاوەکو ساڵى 2008 قادر عەزیز سکرتێری بوو، لەو ساڵە بەدواوە بەهۆى ناکۆکییانەوە بوونە دوو بەش، باڵى زۆرینە، وەک زەحمەتکێشان مانەوە و دواتر قادر عەزیز، کە ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە حیزبى ئایندەى دامەزراند. ئاییندەش ساڵى 2016 چوونە نێو ریزەکانى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان. بارەگاى سەرەکی لە دواى جیابوونەوەکەیانەوە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر گواستراوەتەوە.
حیزبی شیوعی
حیزبی شیوعیش هەڵویستی خۆیان راگەیاندووە کە لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و پێچەوانەی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ، پێیان وایە یاسای هەڵبژاردن هیچ گرفتێکی نییە.
لەو بارەیەوە هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی بە رووداوی گوت، "ناکرێت لە هەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە بەگوێرەی سەرکەوتنی حیزبە براوەکان یاساکان بگۆڕێن یان دەستکاری بکرێت، ناکرێت دامەزراوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کە دوو ساڵە ماوەی بەسەرچووە و لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن بیر لە چارەسەری بکرێتەوە."
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن گوتی، "یاسای هەڵبژاردن هیچ گرفتێکی نییە، پێویستی بە دەستکاریی نییە و پێویست ناکات ببێتە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن، هەروەها دەبێت شتێکی گرنگ لە بارەی کەمینەکان بڵێم ناکرێت ئێمە دوای راپەڕین شانازییەکمان تۆمار کرد، کە هەموو پێکهاتەکان کلدان، ئاشوور، تورکمان سریان و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان جێگایان کراوەتەوە، ئێستا بێین کەمی بکەینەوە، یاساکە پێویستی بە گۆڕانکاری نییە، جێگەی ئەوە دەکاتەوە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان رکابەری یەک بکەن و جێگەیان بکرێتەوە لە پەرلەمانی کوردستان."
لە بارەی ئەو کێشانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن هەیە، گوتی، "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لێکترازانی نیشتمانی و کێشەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، ئەمەش بەشێکە لە کێشەی نەبوونی دەستوور، چونکە ئێمە دەستوورمان نییە و ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە، پێویستە هەموو ئەو گرفتانە لە یەک پاکێج چارەسەر بکرێت، نەبنە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن."
حیزبی شیوعیی کوردستان سەرەتا وەک رێکخراو لە یەکەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی عێراقدا لە ساڵی 1945 بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییەتی نەتەوەیی، بەناوی لقی کوردی حیزبی شیوعی عێراق راگەیێندرا. پاشان بووە لقی هەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی. لە ساڵی 1993 بووە حیزبی شیوعی کوردستان. ئێستا کورسییەکیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە لە ژێر ناوی فراکسیۆنی ئازادی.
بزووتنەوەی ئیسلامی
هەر لەبارەی یاسای هەڵبژاردن، گۆران نووری، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە بە رووداوی راگەیاند، "پرسی هەڵبژاردن لە کوردستان پرسێکی هەستیارە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی کە بەسەردوو بەرەدا دابەشبوونە، بەڵام بۆ ئێمە چی یەک بازنەیی بێت یاخود فرە بازنەیی وەک یەک دەیبینین بۆ خۆمان، چونکە گرنگ ئەوەیە کار لەسەر داهاتووی دەنگەکان بکەین."
لە بارەی هەڵوێستی بزووتنەوەی ئیسلامیش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەگەڵ یەک بازنەیین نەک فرە بازنەیی، دوایین بڕیاریش لای شورا و مەکتەبی سیاسی دەبێت."
بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، حیزبەکە تاوەکو ئێستا چەند جارێک جیابوونەوەی تێکەوتووە، دوایین جار لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی یەک کورسی بوون، لەم خولەدا هیچ کورسییەکیان نییە.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وەک حیزب و پارتەکانی دیکە جەختدەکەنەوە لەوەی دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و بە یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسییەت ناوی دەبەن.
عادل مەلا ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێکهاتەی کۆمیسیۆن بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەم قۆناخە پێمان باشە یاساکە وەک خۆی بێت، رەنگە بەهۆی کەمیی کاتەوە و لەبەر ئەو بارودۆخە سیاسی و داراییەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کاتی ئەوە نەمابێت دەست بۆ هەمواری یاساکە ببەین، بەڵام دەکرێت بۆ خولەکانی دیکەی هەڵبژاردن یاساکە هەموار بکرێتەوە."
حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە درێژەپێدەری حیزبی سۆسیالیستی کوردستان دادەنرێت. لە 5-3-2022 کۆنگرەی حەوتەمی لە شاری هەولێر بەست و محەممەد حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا و ناوی حیزبەکەش لە حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بۆ حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گۆڕدرا.
لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنە، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە گوتی، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین وەک رابردوو بڕوات، چوار بازنە وا دەکات، ئەو حیزبانەی مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و بەشداربوون لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ساڵانێکی زۆر دەریایەک خوێنیان بۆ ئەو دەستکەوتانە بەخشیوە کە ئێستا هاتوونەتە دی بێبەش بکرێن لە پەرلەمان. دەبێت لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش رەچاوی مافی ئەو حیزبانە بکرێت و بە شێوەیەک بێت، کە لە بەرژەوەندیی ئەوانیش بێت، چونکە ئەوانیش مافی خۆیانە کورسیی پەرلەمانیان هەبێت."
عادل مەلا ساڵح، لە بارەی کوورسی پێکهاتەکان گوتی، "پێکهاتەکان کورسییەکانیان مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە لە هەر وڵاتێک و هەرێمێک بن، کورسییەکانی ئەوان ئەوە نیشان دەدات کە کوردستان رەچاوی مافی پێکهاتەکان دەکات و دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان گرنگی بە مافی مرۆڤ دەدات."
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان لە هەڵبژاردنی 2018 هاوپەیمانیتییەکیان بە ناوی لیستی سەردەم راگەیاند و بوون بە خاوەنی یەک کورسی لە پەرلەمانی کوردستان، کە عەبدولڵای حاجی مەحموود بەدەستی هێنا، بەڵام دواتر لە وەزارەت پشکیان پێدرا و بوو بە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و باپیر کامەلا، کە براوەی دووەم بوو و لەهەمان کات سکرتێری گشتی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستانیش بوو لە شوێنی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود بووە پەرلەمانتار.
لە بارەی بەردەوامیی هاوپەیمانییەتییەکەیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان هەیە و هاوپەیمانیەتییەکە بەردەوامە و ئەگەر پارتی دیکەش خوازیار بن بێنە نێو هاوپەیمانیتییەکە، ئەوە دەکرێت گەورەتریشی بکەین."
رۆژی دووشەممە، 28-3-2022، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ، کە ژمارەیان 35 پەرلەمانتارە، پێشنیازەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان پێشكەشی پەرلەمان کرد.
هەمواری پێشنیازکراوی یاساکە لە 26 ماددە پێكدێت و دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی داوای دەکەن بریتین لە هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشدەکرێت و هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت، واتە هەرێمی کوردستان بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) دەبێت.
دابەشکردنی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکاندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دەبێت (بەپێی دوا دابەشکاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی 2021).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ