رووداو دیجیتاڵ
رێنمایی تایبەت لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق دەرکرا بۆ لێخۆشبوون لە گومرگ و پارەى تابلۆى ئۆتۆمبێل بۆ کەسوکارى شەهیدان کە بۆ هەر خێزانێکى شەهید یەکێکیان دەگرێتەوە.
ئەو رێنماییەى دامەزراوەى شەهیدانى عێراقى لە 10ى ئادارى 2025 بە واژۆى عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکى دامەزراوەکە دەرکراوە.
بەگوێرەى رێنماییەکە هەر خێزانێک شەهیدێک یان زیاترى هەبێت یەکجار لەو لێخۆشبوونە سوودمەند دەبێت.
سەرچاوەیەى بەرپرس لە دەزگاى شەهیدانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: جێبەجێکردنى ئەو رێنماییە پێویستى بە کات و بودجەى پێویستە، دەبێت رێنماییەکان بگاتە دەستەى دەروازە سنوورییەکان و وەزارەتى دارایی بۆ ئەوەى جێبەجێبکرێت.
لێخۆشبوونەکە گومرگى هاوردەکردنى ئەو ئۆتۆمبێڵە و وەرگرتنى تابلۆ دەگرێتەوە، دایک و باوکى شەهید، هاوژین و منداڵ، نەوەى شەهید، ئەگەر شەهیدەکە سەڵت بێت خوشک یان براى دەتوانن سوودمەندبن لەو لێخۆشبوونە.
تاریق مەندەلاوى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى یاسایی لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، رێنماییەکان بۆ مادەى 13ى یاساى دامەزراوەى شەهیدان دەرکراوە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى هاتوچۆ و دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆیان کردووە.
یەکێک لە رێنماییەکان ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبێلەى هاوردە دەکرێت و ئەو لێخۆشبوونە دەیگرێتەوە، حەوت سەرنشین و بەرەو کەمتر بێت و دوو ساڵ بەسەر دروستکردنیدا تێپەڕنەبووبێت.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیاندانیان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دەرکردنى ئەو رێنماییانە لەبەر رۆشنایی هەموارێکى یاسا دامەزراوەکەى شەهیدان بووە کە بەم دواییە لە پەرمان پەسند کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ