فوئاد حوسێن و ئەسعەد شەیبانی: سەقامگیری عێراق و سووریا پێکەوە گرێدراوە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. هەردوولا هاوڕبوون لەسەر ئەوەی سەقامگیری هەردوو وڵات هاوبەش و پێکەوە گرێدراوە و دەڵێن، کار بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە هەمەلایەنەکانیان دەکەن.
 
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی، 14ـی ئاداری 2025، لە بەغدا بەڕێوەچوو رایگەیاند: "ئاڵنگاری هاوبەش هەن کە رووبەڕووی عێراق و سووریا دەبنەوە، یەکێک لەوانە تیرۆریستانی داعشە. داعش وەک ئایدیۆلۆژی، هەڵگری ئایدیۆلۆژی هەڕەشەکردن، تووندوتیژی و لێکهەڵوەشانە. داعش وەک رێکخراوێکی چەکداری هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی سووریا و عێراق."
 
فوئاد حوسێن گوتی: "لەگەڵ وڵاتانی سووریا، تورکیا، ئوردن و لوبنان لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگری کۆبووینەوە و باسمان لە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق نیازی وڵاتەکەی بۆ دەستوەرداننەکردن لە کاروباری سووریا دووپاتکردەوە و گوتی: "دەستووری عێراقی رێگە بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە نادات، بەڵام ئەزموونی عێراق دەتوانێت سوودی بۆ سووریا هەبێت. ئێمە ساڵانێک شەڕی تائیفیمان کرد کە بە قورسی باجەکەمان دا و ئێستاش کاردانەوەکانی هەر لە کۆمەڵگەکەمان ماوە."
 
لەبارەی دوایین رووداوەکانی پارێزگای لازقییە و دەوروبەری، فوئاد حوسێن گوتی: "گفتوگۆمان لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کرد. ئەوەی روویدا بەسەر عەلەوییەکان نیگەرانی خۆمان لەبارەیەوە دەربڕی. بەڵام لە هەمان کاتدا گفتوگۆمان لەبارەی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە کرد کە لەلایەن حکومەتی نوێی سووریا پێکهێندراوە و هیوادارین ئەنجامی بەرچاوی هەبێت."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق سەقامگیری هەردوولای بە هاوبەش وێناکرد و رایگەیاند: "سەقامگیری سووریا بۆ ئێمە گرنگە. ئەگەر لە سووریادا ناسەقامگیری هەبێت، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت. هیوادارین سیستمی سیاسی سووریا بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت، چونکە پشتگوێخستنی هەر لایەنێک دەبێتەهۆی دروستبوونی پشێوی و ئەوەش وادەکات تیرۆریستان ئەو پشێوییە بقۆزنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن تیشکی خستەوەسەر مەترسییەکانی داعش و کارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و گوتی: "با کارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییمان لە بیرنەچن، چونکە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دروستبوون و کاریگەری زۆریان هەبووە. ئێمە پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانە لەگەڵ هاوپەیماناندا، چونکە ئەندامانی داعش لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا هەن و هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن."
 
وەک وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، خواستیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەیە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردووە و رایگەیاند:"باسمان لە دروستکردنی ئەنجوومەنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کرد بۆ بەڕێوەبردنی پرسە ئەمنی، سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی هەردوولا."
 
سەبارەت بە رێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کە رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ واژۆیان کرد، فوئاد حوسێن گوتی: "پیرۆزبایی لە رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەکەین. ئەو رێککەوتنە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی سووریا زۆر گرنگ بوو."
 
لەلای خۆیەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدا بە شانازییەوە، یەکڕیزی نێوان سووریا و عێراق دووپات دەکەینەوە؛ زۆر پرس هەن کە یەکمان دەخەن کە زۆر زیاترن لەو پرسانەی لێکمان جیادەکەنەوە. سووریا و عێراق پێکەوە هەڵدەستنەوە و پێکەوە هەنگاو دەنێین بۆ گەشانەوەی وڵاتەکانمان."
 
شەیبانی گوتی: "پێویستە عێراق و سووریا بە تووندی بوەستنەوە لەبەردەم هەر دەستوەردانێک بۆ نێوخۆی وڵاتەکانمان. ئێمە ئامادەی هاوئاهەنگیکردنین لەگەڵ عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بە درێژایی سنوورەکانمان. تیرۆر سنوورەکان نازانێت و دەبێت هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی چڕتر بکەینەوە."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا بە هەمان شێوە ئارامی عێراق و ئارامی سووریا بە هاوبەش و هاوتەریب پێناسە کرد و گوتی: "عێراق بە تواناوە ئاڵنگارییە قورسەکانی تێپەڕاند و سووریاش هەمان هەوڵ دەدات. جگە لە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکان، دەبێت پەیوەندیی ئابووری نێوانیشمان بەهێزتر بکەین، چونکە کەرتی ئابووری بنەمایەکی سەرەکی ئەمن و ئاسایشی وڵاتانە. ئێمە دەمانەوێت ئاڵنگارییەکان لابدەین و دەرگە لەبەردەم کۆمپانیا سووریاییەکان بکەینەوە بۆ کارکردن لە عێراقدا."
 
لەبارەی کار و پەیوەندییە هاوبەش و هەمەجۆرەکانی هەردوو وڵات، ئەسعەد شەیبانی بڕوای وایە کە "هاوبەشی سووریا و عێراق، نەوەک تەنیا سوودی بۆ هاووڵاتییانمان دەبێت، بەڵکو کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکەش دەبێت".

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لێخۆشبوون بۆ هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل و تابلۆکەى بۆ کەسوکارى شەهیدانى عێراق دەکرێت

رێنمایی تایبەت لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق دەرکرا بۆ لێخۆشبوون لە گومرگ و پارەى تابلۆى ئۆتۆمبێل بۆ کەسوکارى شەهیدان کە بۆ هەر خێزانێکى شەهید یەکێکیان دەگرێتەوە.