رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT)، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردن لە "لووتکەی ئاسایش" لە عێراق، سەردانی بەغدا دەکەن.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئێوارەی چوارشەممە، 13-3-2024، رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە "لووتکەی ئاسایش" لە عێراق سەردانی بەغدا دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی، "برەودان بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو هەنگاوە کردەییانەی دەتوانرێ لەو رووەوە بنرێن، مژاری گفتوگۆکان دەبن".
ئۆنجو کەچەلی باسی لەوەشکرد، پرسی وزە یەکێکە لەو مژارانەی شاندە باڵاکەی تورکیا لەگەڵ بڕیاربەدەستانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، یەکەم لووتکەی کۆبوونەوەی ئاسایش و وزەی تورکیا-عێراق لە ئەنقەرە کرا. شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتی هەریەک لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنیی عێراق بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ