رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق و نوێنەرانى هەر سێ بانکى رافیدەین، رەشید و تى بی ئاى تاوتوێى پرسی بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکەن. یەکێک لە بەشدارانى کۆبوونەوەکە دەڵێت: "دوو لەو بانکانە ئامادەییان پێشانداوە بۆ ئەو هەنگاوە بەو مەرجەى بە فەرمى داوایان لێ بکرێت".
کۆبوونەوەکە دوێنێ سێشەممە 13ى شوباتى 2025 لە نێوان لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق و نوێنەرانى ئەو سێ بانکە کراوە.
ئەمڕۆ هەینى 14ى شوباتى 2025، هادى سەلامى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق کە یەکێک بووە لە بەشدارانى کۆبوونەوەکە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: نوێنەرانى هەردوو بانکى رافیدەین و رەشید ئامادەییان پێشانداوە بۆ بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام بۆ ئەوە پێویستیان بەوەیە بە فەرمى لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە داواى ئەو هەنگاوەیان لێ بکرێت."
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى لیژنەى دەستپاکى، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە پرسى لقى ئەو بانکانە کردووە کە لە هەرێمى کوردستان کراونەتەوە، لەگەڵ گرنگى دانانى ستراتیژیەتێکى تەواو بۆ بەجێکردنى تەواوى مووچە لە هەرێمى کوردستان.
هادى سەلامى گوتى: "نوێنەرانى رافیدەین و رەشید ئاماژەیان بەوەداوە کە بەبێ باڵەخانە ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان و باڵەخانەکانى پێشوویان دەستیان بەسەردا گیراوە".
دادگەى باڵاى فیدراڵی لە 21ـى شوباتى 2024، بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەندکرد، بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى لیژنەى دەستپاکى، زیاد جەنابى، سەرۆکى لیژنەکە رایگەیاندووە، پێویستە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە گوێرەى میکانیزمێکى روون بێت، کە مافى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکات و دادوەرانە بێت لە وەرگرتنى عمولەى بانکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ