رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یونامی تەواوی ئەو راپۆرتە میدیاییانە رەتدەکاتەوە کە باس لەو دەکەن رۆیشتنی پلاسخارت لە عێراق لەسەر دۆسیەی گەندەڵی بووە، رێکخراوەکە دەڵێت، رۆیشتنی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکارێکی ئاسایی ئاڵوگۆڕکردنە لە پۆستە باڵاکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
رێکخراوی یونامی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بە کەیسی گەندەڵیی رێکخراوی بەرنامەی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یوئێن دی پی"، دەکات و دەڵێت، "دەمانەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە رێکخراوی یونامی و یوئێن دی پی، دوو پێکهاتەی ئیداریی و دارایی جیاوازیان هەیە".
هەروەها یونامی لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا داوا دەکات "میدیاکان راستی و دروستی بکەنە کاری لەپێشینەیان و خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە. بەشێوەیەکی گشتی، کاریگەری، زانیاریی نادروست و ناڕاست نابێت چاوپۆشی لێبکرێت".
رۆژی سێشەممە، 6ی شوباتی 2024، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین پلاسخارت، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، گوتارێکی تایبەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکێشکرد و رایگەیاند: "لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەم ساڵدا بەشێوەیەکی فەرمی پۆستەکەم جێدەهێڵم. سەرەڕای هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان، عێراق بووەتە بەشێک لە من؛ ئەو گوتارەی ئەمڕۆم دەبێتە دوایین گوتارم لەبارەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش".
پلاسخارتی تەمەن 50 ساڵ، دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی هۆڵەندییە و پێشتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بووە و لە تشرینی دووەمی 2018ـەوە وەکو نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستبەکاربوو.
رۆژی سێشەممە، 23ی کانوونی دووەمی 2024، میدیای بەریتانیا بڵاویانکردەوە، کارمەندانی رێکخراوی بەرنامەی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (UNDP)بەوە تۆمەتبارکراون بەرامبەر پێدانی گرێبەستی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق، "بەرتیل" لە بازرگانانی عێراقی وەردەگرن.
بەگوێرەی میدیاکان، بۆ هەر گرێبەستێک کە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە راگەیێندراوە، ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 15٪ی بەهای گرێبەستەکانیان کردووە، لە بەرامبەردا ستافەکە، هاوکاریی بەڵێندەر و بازرگانەکانیان کردووە بە سیستمە ئاڵۆزە چاودێرییەکەی یوئێندا دەرباز ببێت و گرێبەستەکان بەدەستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ